ئاستی هەڵاتنی کچان و ژنان لە بنەماڵەکانیان بۆ تاران بەرز بووتەوە

کوردستان میدیا: ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی، ژینگە و خزمەتگوزارییەکانی شاری تاران ڕایگەیاندووە کە "ڕێژەی ژنان و کچان کە لە بنەماڵەکانییان هەڵدێن و بەرە و شاری تاران کۆچ دەکەن بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا سەدی ١٢ بەرز بووتەوە".
هەواڵدەریی "نسیم" لە زاری "مەعسومە ئاباد" ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی، ژینگە و خزمەتگوزارییەکانی شووڕای شاری تاران لە لایەن ناوەندی "پەیام" لە شارەداری شاری تاران بڵاوی کردووەتەوە کە؛ " بەداخەوە ژمارەی کچان و ژنانێک کە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێرانەوە هەڵدێن و بەرە و شاری تاران کۆچ دەکەن، ڕوو لە بەرز بوونەوە دایە و ئەم ناوەندەش تەنیا توانیوییەتی لە چوارچێوەی شاری تاران ئەم کەسانە شناسایی بکات ".
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە "بەپێی ئامارەکان ئاستی هەڵاتنی ژنان و کچان لە بنەماڵەکانییان سەدی ١٢ بەرز بووتەوە و ئەم ناوەندەش بۆ ناسین و دەستنیشانکردنی ئەم کەسانە پێک هاتووە و لەم ڕێگایەوە دەیهەوێ هەلومەرجێک پێک بێنێت تا ئەم کەسانە بۆ لای بنەماڵەکانییان بگەرێننەوە".
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە "بارودۆخی ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتی شاری تاران زۆر مەترسیدارە و هەر ئەم بابەتەش دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەم کەسانە بەرەو ڕووی تاوان و گرفتی یاسایی ببنەوە بەداخەوە زۆربەی جار کارەساتیشی لێ دەکەوێتەوە".
ڕێژیمی ئێران لە دوای هاتنە سەر کاری بە پێکهێنانیی فەزایەکی بەستراو لە نێو کۆمەڵگادا، سەبارەت بە ژنان و کچان لە ئێران فەزایەکی لاوازی سەبارەت بە ژنان و کچان پێک هێناوە و گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئەو توێژەی کۆمەڵگا و هەر ئەم بابەتەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ژنان و کچان لە بنەماڵەکانییان دوور بکەونەوە.