۱۳۹۵/۰۷/۰۴


زیاتر لە ٤٠ هەزار قوتابی لە دێزفول وازیان لە خوێندن هێنا

زیاتر لە ٤٠ هەزار قوتابی لە دێزفول وازیان لە خوێندن هێنا

کوردستان میدیا: لە سەرەتای کرانەوەی قوتابخانەکان لە ئێران زیاتر لە ٤٠ هەزار قوتابی تەنیا لە شاری دێزفولی پارێزگای خوزستان وازیان لە خوێندن هێناوە.
هەواڵدەریی حکومەتی تەسنیم لە زاری جێگری فێرکاری سەرەتایی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دێزفوول سەر بە پارێزگای خوزستانەوە بڵاوی کردەوە؛ زیاتر لە ٤٠ هەزار قوتابی کچ و کوڕ لە قۆناغی سەرەتایی خوێندن بە هۆی کێشەی ئابوریی و پەروەردەیی ناچاربوون واز لە خوێندن بهێنن.

سودابە دەستی تەرک سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی پڕۆسەی خوێندن لەم شارستانەدا وتوویەتی: شارستانی دێزفول خاوەنی زیاتر لە ٤٢٣ هەزار کەس حەشیمەتە و تەنیا ٢ هەزار مامۆستای هەیە؛ واتە بۆ هەر ٢١١ کەس یەک مامۆستا کە ئەمە بۆخۆی یەکێکە لە هۆکارەکانی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن.

هاوکات ڕۆژنامەی "وقایع اتفاقیە" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە پارێزگای خوزستان پلەی ٣٠ لەباری دابین کردنی پێداویستییەکانی خوێندن لە نێو پارێزگاکانی وڵاتدا هەیە و گرینگترین هۆکارەکانی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن، لە ئێران بە گشتی و لە پارێزگا بێبەش کراوەکانی وەک خوزستان بەتایبەتی بریتین لە: نەبوونی فەزای پێویستی فێرکاری، کەمی هێزی مرۆیی لە بیاڤی فێرکاری، هەژاری، کەلێنی یاسایی و کارپێکردنی زۆرەملێ بە منداڵان.

پێشتریش حەبیب خادەمی نوێنەری ئیزە و باغمەلکی پارێزگای خوزستان لە مەجلیسی ڕێژیم گووتبووی: بەهۆی نەبوونی قوتابخانە لە گوندەکانی ئەم شارستانەدا خەڵک ناچارن گەوڕەکان بکەنە قوتابخانە و مامۆستاکان ناچارن لە شوێنی ڕاگرتنی ئاژەڵەکان بخەون و پشوو بدەن.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژنامەی "آرمان" لە زاری کارناسێکی وەزارەتی "پەروەردە و بارهێنان" بەناوی محەممەدڕەزا نیک‌نژادەوە بڵاوی کردەوە: ٣٠%ی قوتابخانەکانی ئێران لەحاڵی لەنێوچووندان و بەپێی ئامارەکان ٣٢ هەزار قوتابخانە لە ئێراندا کەڵکیان نەماوە و مەترسیی گیانیی بۆ سەر لانیکەم ٤ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار قوتابی و ٣٠٠ هەزار کادری ئامووزشی هەیە.

بەپێی لێدوانی ئەم کارناسە، دۆخی هەندێک لەم قوتابخانانە ئەوەندە خراپە کە ئەگەری هەیە بەسەر قوتابییەکاندا بڕووخێ و بۆ نۆژەن کردنەوەی هەر کامەیان لانیکەم ٣ میلیارد تمەن بودجە پێویستە؛ بەم پێیەش ٥٠ ساڵ کات پێویستە تاکوو هەموویان نۆژەن بکرێنەوە.