۱۳۹۵/۰۶/۲۱


نوێنەرانی مەجلیسی فەڕانسە سەبارەت بە ئێران هۆشدارییان دایە سەرکردایەتی وڵاتەکەیان

نوێنەرانی مەجلیسی فەڕانسە سەبارەت بە ئێران هۆشدارییان دایە سەرکردایەتی وڵاتەکەیان

کوردستان میدیا: نوێنەرانی مەجلیسی فەڕانسە لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە پیشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران هۆشدارییان دایە گەورەلێپرسراوانی وڵاتەکەیان.
کۆمیتەیەکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی مەجلیسی فەڕانسە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوو لە گەورەلێپرسراوانی دەوڵەتیی و مەجلیسی فەڕانسە باسیان لە پێویستیی ڕەچاوکردنی "بڕیارگەلی جیددی" لەپێوەندی لەگەڵ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کردووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاگەیەندراوەی "کۆمیتەی پارلمانی بۆ ئێرانێکی دێموکراتیک" هاوکاتە لەگەڵ سەفەری سەرۆکی مەجلیسی فەڕانسە بۆ ئێران و چاوپێکەوتنی ناوبراو لەگەڵ لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی.

ڕادیۆ فەڕانسە لەمبارەوە بڵاوی کردەوە؛ لەبەشێک لەم راگەیەندراوەدا هاتووە: فەڕانسە نابێ بەهیچ شیوەیەک وەڵامی ئەرێنی بە داخواز، گوشار و هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لەپێوەندی لەگەڵ پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی تاران بدات؛ بەتایبەت کە تاران مافی دژبەر و ڕەخنەگرەکانی خۆی پێشێل دەکات.

٢٦ نوێنەری ئەندام لە "کۆمیتەی پارلمانی بۆ ئێرانێکی دێموکراتیک" وێڕای ئاماژەکردن بە پێشێل کردنی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان لەلایەن ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاندووە کە؛ مەرجی باشترکردنی پێوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی ئێران و فەڕانسە دەبێ ڕەچاوکردنی ستانداردە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بێت، بۆ وێنە: ڕاگرتنی حوکمی ئێعدام، ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، دانی ئازادی بەیان و ئازادی چالاکی حیزبەکان.