سێناریۆی هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ پەنابەرانی ئەفغان لە ڕیژیمی ئێڕان بەردەوامە

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە کۆچەبەرانی ئەفغانی لە ژێر ناوی "دۆزراوەکانی کەڵانتەری شیراز"، پاش دەستبەسەر کرانیان، وەکوو بێڕێزییەک لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕیژیمی ئێرانەوە لە قەفەس کراون.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، وێنەگەڵێک لە کۆچبەرانی ئەفغان، لە شاری شیراز بڵاوکراوەتەوە کە لە نێو قەفەسدا چاویان بە پارچەی سپی بەستراوە.
سەبارەت بەم ڕووداوە نایاساییە، وێبلاگ نووسێک بۆ کاربەدەستانی حکوومەتی ئەفغانستان نووسیوەیەتی کە "دەبێ لە بیستن و دیتنی ئەم هەواڵە بمرن."
پۆلیسی شیراز لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٥ هەتاوی، لە چالاکییەکی بەربڵاودا باسی لەوە کردووە کە؛ دەستیان بەسەر کۆمەڵێ لە مەشرووباتی ئەڵکۆڵی و مادە هۆشبەرەکان و فیڵمی خراپ لەلایەن کۆچبەرە ئەفغانەکانەوە گرتووە.
"ناسر کشاوەرز"، جێگری ڕێکخستنی هێزی ئینتزامی پارێزگای فارس، سەبارەت بەم هەواڵە گوتی؛ "٢٧٧ کەس لە شارۆمەندانی بیانی نایاسایی، لەم پاریزگایە دا قۆڵبەست کراون".
لەدرێژەی ئەم ڕووداوەدا "مێهدی جەعفەری" وێبلاگ نووسی وێبلاگی "ئەفغانستان وڵاتی من" ڕایگەیاندووە کە؛ "کاربەدەستانی وڵاتی ئەفغانستان شەرم بکەن."
بەرپرسانی ڕیژیمی ئێران سەبارەت بەم هەواڵە هیچ هەڵوێستێکیان نەگرتووە و تەنیا لە فەزای مەجازیدا لە لایەن هەندێ لە چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاردانەوەی بووە.
ئەمە یەکەم جار نییە کە ڕێژیمی ئێران و هێزە ئیتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کەسانێ کە لە لایەن ئەوانەوە دەست بەسەر دەکرێن، بە شێوازێکی نەشیاو هەڵسووکەوت دەکەن و ئەمەش لە حالێکدایە کە بەرپرسانی ڕیژیمی ئیران خۆیان بە ئاڵا هەڵگری مافی مرۆڤ و ئەخڵاقی ئیسڵامی و ئینسانی دەزانن .