ژنانی وەرزشوانی کرماشان لە کێبڕکێی ڕاکردن و گۆڕەپان پلەی یەکەمیان بۆ خۆیان مسۆگەر کرد

کوردستان میدیا: لە کێبڕکێی ڕاکردن و گۆڕەپان کە لە شاری سونقۆڕی کولیایی بەرێوەچوو، تیمی ژنانی کرماشان توانیان ببنە پاڵەوانی ئەو کێبڕکێیە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی مێهر، لە کێبڕکێیەکانی ڕاکردن و گۆڕەپان لە تەمەنی گەورەساڵان لە شاری سونقۆر و کولیایی، کە لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی بەڕێوەچووە، تیمی ژنانی کرماشان پلەی یەکەمیان بەدەست هێنا.
بە وتەی جێگری بەرپرسی هەیئەتی ڕاکردن و گۆڕەپانی پارێزگای کرماشان، ئەو کێبڕکێیە لە دوو بە شی گەورەساڵانی پیاوان و ژنان بەڕێوەچووە.
حوسین ئەمیری گوتی لە بەشی پیاوان ٢٣ تیمی شەش کەسی بەشدار بوون و لەبەشی ژنانیش ١٢ تیم، و لە هەر تیمێکدا پێنج وەرزشوان بەشداریی دەکەن.
کێبڕکێیەکان لە مادەکانی ١٠٠، ٤٠٠، ٨٠٠، ٣٠٠٠مێتری ڕاکردن و شەش کیلۆمێتری جادە، هەڵدانی قورسایی و دیسک پێکهاتووە.
بە وتەی ئەو بەرپرسە وەرزشییە، تیمی ژنانی کرماشان پلەی قارەمانیەتی ئەو کێبڕکێیەی بە دەست هێنا و تیمی کرمان و خۆراسانی ڕەزەوی پلەکانی دووهەم و سێهەمیان بۆ خۆیان دەستەبەر کرد.