۱۳۹۵/۰۷/۰۶


بەرپرسانی قوتابخانەکانی بوکان داوای پارەی نەختی لە قوتابیان دەکەن

بەرپرسانی قوتابخانەکانی بوکان داوای پارەی نەختی لە قوتابیان دەکەن

کوردستان میدیا: قوتابخانەکانی شاری بۆکان لە سەرەتای کرانەوەیان‌دا داوای بڕە پارەی نەختی لە بنەماڵەی قوتابیان دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش كرانەوەی قوتابخانەكانی شاری بۆكان و گوندەكانی ئە ناوچەیە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا بەڕێوەبەری قوتابخانەكان داوای پارەیان لە بنەماڵەی قوتابییان کردووە کە لە نێوان ٥٠ تا١٠٠ هەزارتمەن پارە بۆ قوتابخانە بێنن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە لە گوندی ڕەحیم‌خان و سەراو مودیری قوتابخانەکە دواوی بڕی پارە٧٠ هەزارتمەن بۆ هەر قوتابییەكی كردووە که بۆ ساڵی نوێی خویندنی ٩٥-٩٦دا لەگەڵ خۆیان بێنن.

پێشتریش ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بۆکان، بۆ ناونووسیی ساڵی تازەی خوێندن قەبزی پارەی بۆ قوتابخانەکانی ئەو شارە ناردبوو و پارەی زۆرەملی لە قوتابیان وەردەگرت و ئەوەش ناڕەزایەتی بنەماڵەی قوتابیانی لێ‌کەوتبووە.

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم له شاری بۆکان، لە قەبزەکاندا بڕی پارەی دڵخوازیان نووسیبوو کە لە ٧٠ هەزار تمەن تا سەرووی ١٠٠ هەزار تمەنی لەخۆ دەگرت.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بە هەژارترین وەزارەتخانه ناو دەبەن بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی کێشەی ماددی و ئیمکاناتی ئەو وەزارەتخانەیە هەڵ ناگرن.

لە ماوەی چەند سالی ڕابردوودا، تەرخان نەکردنی تێچووی پێویست بۆ قوتابخانە لە کوردستان، تێچووی بەڕێوەبەریی قوتابخانە و پێداویستیی و کەرەستەی پێویستی قوتابخانەکانی خستووەتە سەر شانی سەرپەرەستی قوتابیان.

بەپێی بەندی یەک مادەی ٢٦ی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەردە و بارهێنانی خۆڕایی و گشتی، وا هاتووە؛ "هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا مافیان هەیە لە پەروەردە و بارهێنانی خۆڕایی بەهرەمەند بن و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان دەبێ لانیکەمی پێداویستییەکانی پەروەردەی سەرەتایی خۆڕایی بۆ هاووڵاتییان دابین بکات".