هەڵۆکانی زاگرۆس لە کامیاران ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجام دا

کوردستان میدیا: ئۆپراسیۆنی هەڵۆکانی زاگرۆس بۆ بە سزا گەیاندنی بەکرێگیروان و مۆرەکانی ڕێژیم لە کوردستان درێژەی هەیە.
ماڵپەڕی هەڵۆکانی زاگرۆس لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویان کردووەتە کە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی ، پۆلێک لە هەڵۆکانی زاگرۆس چەکدارێکی ملکەچی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییان سزا داوە.
دەقی راگەیەنەدراوی هەڵۆکانی زاگرۆس بەم شێوەیە:
ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی ، پۆلێک لە هەڵۆکانی زاگرۆس لە ناوچەی کامیاران، بە مەبەستی ڕێنوێنی و ئامۆژگاری دەچنە ماڵی چەکدارێکی ملکەچی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە ناوی "ساڵح سابیری" لە تیلەکۆی کامیاران.
لەو پێوەندییەدا، هەڵۆکانی زاگرۆس هەوڵ دەدەن ناوبراو ئامۆژگارییەکان لە گوێ بگرێت و زیانی پێ نەگات، بەڵام ئەو بەکرێگیراوەی ڕێژیم بەمەبەستی دەستوەشاندن لە هەڵۆکان پەلاماری چەکەکەی دەدات، کە دەرەتانی پێ نادرێت و دەکەوێتە بەر گولەی چەکی هەڵۆیەک و بریندار دەکرێت.
بەهۆی ئەوەی کە بنەماڵە و خێزانی ناوبراو ئاگاداری هەوڵی هەڵۆکان بوون و هەروەها ڕێزگرتن لە داوای لێبوردنیان، ئیزنیان دان کە تاوانبار، لە لایەن خۆیانەوە بۆ چارەسەری ببردرێتە نەخۆشخانە.
بەم هۆیەوە دووپاتەی دەکەینەوە و دڵنیایی دەدەینە بەکرێگیراوانی ڕێژیم کە لە ئەگەری بەردەوامییان لە کاسەلیسی و چڵکاوخۆریی ڕێژیم و خەیانەت بە گەل و نیشتماندا پەنجەی ئاگرینی هەڵۆکانی زاگرۆس دەیانگاتی و سزای تاوانەکانیان لێ دەستێنێ .
نەمان بۆ خۆفرۆشی
بڕووخێ کۆماری ئیسلامیی ئێران