۱۳۹۵/۰۶/۲۱


کرێکارانی چیمەنتۆی ئیلام لە مانگرتنی ناڕەزایەتیدان

کرێکارانی چیمەنتۆی ئیلام لە مانگرتنی ناڕەزایەتیدان

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەیان کرێکاری کارخانەی چیمەنتۆی شارستانی سیروان لە پارێزگای ئیلام گەیشتە شەشەمین ڕۆژی خۆی.
کارخانەی چیمەنتۆی ئیلام لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لەپاش داخرانی فازی یەک، تووشی قەیران بووە و لە نێوەڕاستی ئەو حەوتوویەشدا، کرێکارەکانی بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەم دۆخە، دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.

ئەو کرێکارانە کە ژمارەیان زیاتر لە ٦٠٠ کەسە، بەرەوڕووی کێشە و ئاستەنگی وەک بڕینی بەشێک لە حەقدەست و خۆبواردنی کارخانە لەدانی بیمەی خانەنشێنی و پارەی ساڵانی ڕابردوو، بوونەتەوە.
هەندێ سەرچاوە باسیان لەوە کردووە کە؛ لەماوەی ئەو مانگرتنەدا، هیچ لێپرسراوێکی حکوومەتی سەردانی کرێکارانی ناڕازی نەکردووە و ئەوانیش ڕایانگەیاندووە کە تا گەیشتن بە داواکارییەکانیان و ڕوون بوونەوەی هەڵوێستی بەڕێوەبەریی کارخانە، لە کۆبوونەوە بەردەوام دەبن. 

ناڕەزایەتیی کرێکارانی کورد لە دۆخی قەیراناویی کارخانەی چیمەنتۆی ئیلام لە کاتێکدایە کە، لە نێوان دوو مانگی ڕابردوودا هەندێ بەرپرسی دەوڵەتی لە پارێزگا و شارستانی سیروان باسیان لە چاکبوونی دۆخی کرێکاران و نەبوونی هیچ کێشەیەک کردووە.

بەوتەی کرێکاران؛ کارخانەکە ڕەوتی داتەپین دەپێوێت و لە ئەگەری چارەسەر نەکردنی کێشەکە، ئەوا هەموو کارخانەکە دادەخرێت و سەدان کرێکاریش بێکار دەبن.

زۆرێک لە بەرهەمی ئەو کارخانەیە بە ڕێگای هەناردن بۆ وڵاتی عراق دەفرۆشرا، کە ئەویش لەدوای داخرانی ناوچە سنوورییەکان، ڕێژەی فرۆشتنەکانی بە تەواوەتی دابەزیوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕاگەیندرا کە بەرپرسانی کارخانەکە ماوەیەک لەمەوپێش بڕی ١٠ میلیۆن تمەنیان وەک تێچووی بەڕێوەچوونی بۆنەیەکی مەزهەبی داوەتە فەرمانداری سیروان.

مانگی ڕابردووش دەیان کرێکاری دەرکراوی کارخانەی چیمەنتۆی دێلۆڕان هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە گۆڕپانی ئەو شارە دەستیان داوەتە مانگرتن و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە دۆخی کرێکاران بوون.