۱۳۹۵/۰۶/۱۳


جێگرەوەی ئەحمەد شەهید دیاری کرا

جێگرەوەی ئەحمەد شەهید دیاری کرا

کوردستان میدیا: "عاسمە جەهانگیر"، لە لایان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو جێگرەوەی ئەحمەد شەهید، بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا، هەڵبژێردرا.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ناوبراو یەکێک لە چالاکە بەناوبانگەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە وڵاتی پاکستانە، و یەکەمین نووسینگەی پارێزەریی ژنانی لە پاکستان کردەوە.



"ئەحمەد شەهید"، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانان، باسی لە کۆتایی هاتنی مەئمووریەتەکەی لە مانگی نوامبردا کرد.

"عاسمە جەهانگیر"، جێگرەوەی "ئەحمەد شەهید"، لە ساڵی ١٩٥٢ی زایینی‌دا لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٨١دا، وەکوو یەکەم ژن لە پاکستان، نووسینگەی پارێزەریی کردەوە، و هەم لە دەورانی دەسەڵاتداریی ژەنەڕاڵ محەممەد زیائۆلحەق ،هەم لە دەورانی دەسەڵاتداریی ژەنەڕاڵ پەرویزموشەڕەف‌دا، بۆ ماوەیەک لە ماڵی خۆیدا زیندانی کرابوو.

ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٤ تاکوو ٢٠١٠، بەرپرسایەتیی ڕاپۆرتنێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کاروباری ئازادی بیڕ و ڕا و مەزهەب، لەئەستۆ بووە و بە دەیان جار ڕەخنەی لە پێشلکرانی مافی بەهاییەکان لە ئێڕاندا گرتبوو.

"محەممەد جەواد لاریجانی"، ڕاپۆرتی ئەحمەد شەهید سەبارەت بە بارودۆخی ئێران و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا، بەتایبەت بۆ کەمینەکان، بە "ڕووکەشی" داناوە و ئەوەش لە حالێکدایە کە زۆربەی جار لە ڕاپۆرتە جیاوازەکاندا باس لە بارودۆخی خراپی کەمینەکان و خەڵکی ئێران لە ژێر دەسەڵاتداری ئاخوندەکاندا کراوە.