فەرهەنگییەکانی ڕێژیمی ئێران پەرەیان بە فەرهەنگی دزیکردن دا

کوردستان میدیا: لە دوای ڕێکۆرد شکەنییەکانی خامنەیی، سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگیان ڕێکۆردێکی نوێی لە گەندەڵیی ماڵی، بە بڕی ٨ هەزار میلیارد تمەن تۆمار کرد.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان نوێنەرێکی دەستنیشاندەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ئاشکرای کرد کە؛ لە سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان، گەندەڵییەکی ماڵی بە بڕی ٨ هەزار میلیارد تمەن ئەنجام دراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، نوێنەرێکی سەبزەوار لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، بە ناوی حوسێن مەقسوودی ئاشکرای کرد کە؛ سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگیان، ٨ هەزار میلیارد تمەن گەندەڵیی ماڵی کردووە و نوێنەرانی مەجلیسیش بۆ لەسەرکار لابردنی وەزیری پەروەردە و فێرکردن، پێداگری دەکەن و لێکۆڵینەوەش لە بارەی سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگیان دەکەن.
مەقسوودی ڕایگەیاندووە، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگیانیش، گەندەڵیی ماڵی بە بڕی ٣ هەزار و ٥٠٠ میلیارد تمەنی قبووڵ کردووە.
ئەو نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، شەهابەدین غەنداڵی بە "جەعلی سەند" تاونبار کردووە و گوتوویەتی؛ بەڕێوەبەری گشتیی ئەو سندووقە وێڕای هاوسەر و کۆڕەکەی، بەڵگەنامەی ساختەیان دروست کردووە و پارەیەکی زۆریان لە سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگیان هەڵگرتووە و خستوویانەتە سەر حیسابی شەخسیی خۆیان.
فەرهەنگیانی ئێران یەکێک لەو توێژانەی وڵاتی ئێرانن کە زیاترین خەساری ئابوورییان لەسای ئەو ڕێژیمەدا بەرکەوتووە، کەچی بەرپرسانی باڵای ئەو دامودەزگایە، لەسەر نانی شەو و سفرەی ئەوان تەخشان و پەخشان دەکەن.
بەرز بوونەوەی گەندەڵیی ئابووری لە ئێران و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، کە وەک یەکێک لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی وڵاتان لەلایەن ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی بەئەژماردێت، ڕێژیمی ئێرانی لە بواری پێوەری گەندەڵیی ماڵی، لە نێوان ٣٠ وڵاتی یەکەمی خشتەی جیهاندا داناوە.
ڕێژیمی ئێران لە بواری گەندەڵیی ماڵیی ڕایەداران و کاربەدەستان، وەک یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان بە ئەژمار دێت، و وێڕای وڵاتانی عێراق، ئەفغانستان، تورکەمەنستان و ...لە ڕیزی یەکەمی گەندەڵی ماڵی دایە.