۱۳۹۵/۰۶/۱۳


ڕووبەرێکی بەرین لە شاخ و لەوەڕگەکانی سەقز ئاگری گرت

ڕووبەرێکی بەرین لە شاخ و لەوەڕگەکانی سەقز ئاگری گرت

کوردستان میدیا: بەشێکی زۆر لە لەوەڕگە و شاخەکانی شاری سەقز بە هۆی ئاگرکەوتنەوە تووشی خەساری ژینگەیی بوون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕیکەوتی ١١ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاخەکانی تاوەقڕان و لەوەڕگەکانی ئەو شاخە، و هەروەها پانتاییەکی بەرین لە لەوەڕگەکانی گوندەکانی قەیلسوون، ئاڵکەڵوو، کانی جەژنی، ئاوێنان و کارێزە لە ئاگردا سووتان و ژینگەی ئەو گوندانە خەساری زۆری بەرکەوتووە.
هەروەها بەشێکی زۆری شاخەکانی داڵاهۆ سەر بە پارێزگای کرماشانیش لە ئاگردا سووتاون.



ساڵانە ڕووبەرێکی فراوان لەدارستان، پووش و لەوەڕگەکانی پارێزگاکانی کوردستانی ئێران، بە هۆکاری مرۆیی و کەمتەرخەمی و گەرماوە لە ئاگردا دەسووتێن.

ئەرکی کونتڕۆڵ کردن و کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوڕەگەکانی کوردستان، لە ئەستۆی ناوەندەکانی حکوومەت وەکوو جەنگەڵبانیە، بەڵام زۆرتر خەڵک و چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز ئەرکی کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستانەکان بەئەستۆ دەگرن.

ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە بەردەوامی ناڕەزایەتیی چالاکانی ژینگەپارێزی بەدوای خۆیدا هێناوە، و لەو بارەیەشەوە ڕەخنەیان لە کارکردی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران گرتووە.

ئێران خاوەنی دوو ناوچەی دارستانیی بەربڵاوە، کە یەکێکیان لە باکوورە و ئەوی دیکەشیان لێڕەوارەکانی زاگرۆسە، کە ناوچە کوردنشینەکان لەخۆ دەگرێت و نزیکەی ٦٠%ی ڕووبەری ڕۆژهەڵاتی کورستان، لەو دارستان و بنارانەدا خۆدەنوێنێت.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەشێوەیەکی سیستماتیک، دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان ئاگریان تێ‌بەردراوە و لەو سۆنگەوە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر دانیشتوانی زاگرۆس. ئاگرگرتنی دارستان و لێڕەوارەکان، زیانێکی لەڕادەبەدەری بە گیانلەبەرانی زاگرۆس گەیاندووە و بووەتە مەترسی لەسەر گیانلەبەران و تەنانەت جۆرەکانی گوڵ و گیا و ڕووەکی ئەو ناوچە، بۆ وێنە لەو شوێنانەی کە ئاگر دەکەوێتەوە، هەرگیز جۆرێکی گەوون شین نابێتەوە.