قاڵیباف ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی شارەداریی تارانی بە کردەوەی دوژمنانی ڕێژیم لەقەڵەم دا

کوردستان میدیا: پاش بڵاو بوونەوەی گەندەڵییەکانی شارەداریی تاران، محەممەدباقر قاڵیباف، لە نامەیەکدا بۆ دادستانی گشتیی ئێران، دژکردەوەی پیشان دا.
شارەداری تاران ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانان، لە نامەیەکدا بۆ محەممەد جەعفەر مۆنتەزێری وتوویەتی: وردەکارییە بڵاوبووەکان، زەین و بیری خەڵک تێک دەدات و خەوشداریان دەکات؛ ئەوەیکە کراوە کاری دوژمنانی کۆماری ئیسلامییە، و دەبێ لەبەرانبەر ئەو ڕاگەیەنانەی کە ئەم بەڵگانەیان بڵاو کردۆتەوە، هەڵوێستی جیددی بگیرێتە بەر.
ڕۆژنامەی "شرق"، ڕێکەوتی ٦ی خەرمانان، ڕاپۆرتێکی لەسەر بنەمای نامەیەکی دەزگای چاوەدێری و بازڕەسیی گشتیی ئێران بۆ شارەداریی تاران بڵاو کردەوە، کە تێیدا باس لە زنجیرەیەکی نوێ لە گەندەڵییە حکوومەتییەکان لەنێو شارەداریی تاران کرابوو.
لەم نامەیەدا دەزگای ئاماژەبۆکراو، باسی لەو موڵکانە کردووە کە لەژێر دەسەڵاتی شارەداری تاران دا بوون، بەڵام بە بێ هیچ یاسایێک، بە بڕیاری ڕاستەوخۆی بەرپرسی شارەداریی تاران، بە بەرپرسان و ئەندامانی شوورای شاری تاران و هەندێک لە نوێنەرانی مەجلیس فرۆشراوە.
نرخی ئەم مڵکانە زۆرتر لە ٢ هەزار و ٢٠٠ میلیارد تمەن هەڵسەنگێندراوە، و ئەم مڵکانە لە ناوچە باکوورییەکانی شاری تاران، وەک "ئاجودانیە" و "دەربەند" هەڵکەوتووە.
"محەممەد باقر قاڵیباف"، بەرپرسی شارەداریی تاران، بەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هەڵوێستی گرتووە و ڕایگەیاندووە کە؛ ئەم زەویانە لە ڕاستای دابین کردنی ماڵ بۆ بەرپرسانی شارەداری بووە.
ناوە بەناوە پەروەندەیەکی نوێ لە گەندەڵییە سیستماتیکەکانی کۆماری ئیسلامی دەخرێتەڕوو، کە ئەمە ئەوپەڕی نادەروەستی و شپرزەیی کاروباری ئیداریی ئەم رێژیمە پیشان دەدات.