عادل جوبەیر: ڕیگە نادەین حووسییەكان دەست بە سەر یەمەندا بگرن

كوردستان میدیا: عادل جوبەیر، وەزیری كاروباری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی لە لێدوانێكدا لە شاری پەكین، پایتەختی چین، ڕێژیمی ئێرانی بەوە تۆمەتبار كرد كە بەردەوام درێژە بە هەوڵەكانی خۆی لەمەڕ ناردن و قاچاخی چەكوچۆڵ بۆ میلیشیا بەكرێگیراوەكانی حووسی بە مەبەستی داگیركاری و زاڵبوون بە سەر وڵاتی یەمەندا دەدات و جەختی كردەوە كە ناهێڵن چەكدارانی حووسی دەست بە سەر یەمەندا بگرن.
نابراو وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەی كە حكوومەتی عەرەبستان داكۆكی و پشتیوانی لە حكوومەتی یاسایی یەمەن دەكات، میلیشیا حووسییەكانی ئاگادار كردەوە كە هیچ ڕێگایەك بەدەر لە ملكەچبوون بەرانبەر بە ڕێگەچارەی ئاشتیخوازانە لە بەردەمیاندا نیە.
بە گوێرەی هەواڵی ڕۆیتێرز، ناوبراو ڕایگەیاند، بۆ دەستپێكردنەوەی وتووێژەكانی ئاشتی، هەنووكە تۆپ لە گۆڕەپانی چەكدارانی حووسیدایە.
ئەلجوبەیر كە لە زانكۆی پەكین گوتاری پێشكەش دەكرد، ئەوەشی وەبیر هێنایەوە كە ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی زاڵبوونی حووسییەكان بە سەر یەمەندا چەكوچۆڵیان بە قاچاخی بۆ دەنێرێت و هەنووكەش لە هەوڵەكانی خۆی بۆ ناردنی چەكوچۆڵ و تەقەمەنی بۆ وڵاتانی بەحرین، عەرەبستانی سعوودی و كوەیت بەردەوامە.