۱۳۹۵/۰۶/۱۳


پشتیوانیی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە باجگرە نەناسراوەکان

پشتیوانیی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە باجگرە نەناسراوەکان

کوردستان میدیا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان، پشتگیری لە تاقمێک چەکدار دەکەن کە سەرقاڵی باج وەرگرتن و گوشارهێنان بۆ خەڵکی ئاسایین.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند ڕۆژ پێش ئێستا، تاقمێک چەکدار کە خۆیان وەک ئەندامانی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و تورکیە ناساندووە، هێرش دەکەنە سەر خەڵکی ئاسایی لە گوندێک لە ٥ کیلۆمێتریی جادەی مەریوان – سەقز، کە لەوێدا پڕۆژەیەکی جاددەسازی لێێە، و پاش گرتن و سووکایەتی کردن بە نیگابانی پڕۆژەکە، داوای ٥٠ میلیۆن تمەن پارەیان کردووە.



ڕۆژێک دواتر خاوەنی پڕۆژەکە کە ناوی "ئیبراهیمە"، و خەڵکی ئەم ناوچەیە، لەدژی ئەم چەکدارانە سکاڵا تۆمار دەکات، بەڵام لەگەڵ دژکردەوەی ئیتلاعاتی مەریوان بەرەوڕوو دەبێتەوە؛ هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش بانگهێشت کردنی ناوبراو پێی دەڵێن کە؛ دەبێ ئەو بڕە پارەیە ڕادەستی چەکدارە نەناسراوەکان بکات. خاوەنی پڕۆژەکە هەڵوێست دەگرێت و لە بەرانبەریشدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ ماوەی ١ شەو دەستبەسەری دەکەن.

دوای ئازادکرانی، "ئیبراهیم" هەموو کەلوپەل و کرێکارەکانی لەو شوێنە دەگوازێتەوە و پڕۆژەکەش بە نیوەچڵی دەمێنێتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند: ئەوەیکە ئێستا لەلای خەڵکی ناوچەی مەریوان دەگوترێتەوە ئەوەیە کە؛ ئەم چەکدارانە کە هەوڵ دەدەن خۆیان وەک دڵسۆز و خەمخۆری گەلی کورد و دژبەری کۆماری ئیسلامی بناسێنن، بۆ خۆیان دارەدەستی ڕێژیمی تارانن و ئەگەر لە ڕابردوودا هەندێک کەسی ساویلکە فریوی قسەکانیان دەخواردن، ئەوا ئێستا ئیتر ڕواڵەتی ڕاستەقینەیان بۆ خەڵک ئاشکرا بووە.

ماوەیەک پێش ئێستاش، ئەم چەکدارانە لە گوندی "ئیسحاق ئاوا"ی سەقز، وەک باجی ساڵانە ڕانەمەڕێکی ئەو گوندەیان لەگەڵ خۆیان بردووە؛ کاتێکیش خەڵکی ئەم گوندە لەدژی ئەم چەکدارانە سکاڵا تۆمار دەکەن، بەرپرسانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، لە وەڵامی ئەو داواکارییەدا بە خەڵکی گوندەکە دەڵێن کە؛ بڕۆن پارەیان بدەنێ و ڕانەمەڕەکەتان وەرگرنەوە.

دوای ئەو وڵامەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە خەڵکی گوندەکە، دانیشتوانی ئەو گوندەش دەڵێن؛ بۆچی هێلیکۆپتێر بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵدەستێنن، بەڵام لەو بارەیەوە هیچ کارێک ناکەن.

دوای ئەو مشت‌ومڕەی نێوان خەڵک و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرش دەکەنە سەر خەڵک و بێ‌حورمەتیان پێ دەکەن، و خەڵکیان لە شوێنەکە دەرکردووە.