نوێنەری خامنەیی: ڕووحانی بەتەمای پێوەندیی لەگەڵ ئامریکادا بوو

کوردستان میدیا: نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە سپای تێرۆریستی پاسداراندا باسی لەوە کرد کە ڕووحانی لە ڕێگای ڕێککەوتنی ناوکیی ڤییەن بەتەمای پێوەندی لەگەڵ ئامریکادا بوو.
عەلی سەعیدی نوێنەری ڕێبەری ڕێژیم لە سپای پاسدارانی ڕێژیم لە هێرشێکدا بۆ سەر حەسەن ڕووحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد کە ڕووحانی لە دوای جێبەجێکردنی بەرجامی ٢ و ٣یە و هەروەها دەیهەوێ لەگەڵ ئامریکا پێوەندی هەبێت.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە کە ڕێبەری ڕێژیم ڕێککەوتنی ناوکیی ڤییەنی مۆهەندیسی کرد تا پێش بە ئامریکا بۆ گەیشتن بە بەرجامی دوو و سێ بگرێت و هەروەها دانی بەوە دانا کە لە ڕێککەوتنی ناوکیدا زیانێکی زۆرمان وەک لە دەستدانی پیتاندنی لە سەدا ٢٠ی ئۆرانیۆم، فۆردۆ، ئاوی قورسی ئەراک و کەمکردنەوەی سانتێرفیوژەکان پێگەییوە.
پێشتریش عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران وێڕای دەربڕینی ئەوەی كە بەرجام هیچ كاریگەرییەكی هەستپێكراوی لە سەر ژیانی خەڵك دانەناوە، باسی لە بێ ئاكامبوونی وتووێژ لەگەڵ ئامریكا کردبوو؛ لەبەرامبەریشدا حەسەن ڕۆحانی سەركۆماری ڕێژیم ڕێككەوتنی ناوكی بە "سەربەرزی" لە قەڵەم دەدات.
پرسی بە ناو هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویش، بووەتە ڕۆژەڤی ململانێی سیاسی لە نێوان بەرپرسانی ڕێژیم و حەسەن ڕووحانی کاتێک لە پەیامی نەورۆزیی خۆیدا باسی لە جێبەجێکردنی بەرجامی ٢ و ٣ کرد بە توندی لە لایەن خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمەوە وڵامی درایەوە.
لێدوانە پڕ لە ناكۆكییەکانی نێوان بەرپرسانی هەرەبەرزی ڕێژیم دەرخەری ئەوەیە كە ڕێككەوتنی ناوكی سەرەڕای بەڵێنی و دروشمە سەرەتاییەكان لەمەڕ پێكهێنانی ئاڵوگۆڕی ئەرێنیی كتوپڕ لە ژیانی خەڵكی ئێران و یەكگرتوویی نێوان باڵەكانی ڕێژیم، هەنووكە نەك هەر بەرهەمێكی ئەوتۆی بە دواوە نەبووە، بەڵكوو بۆ خۆی بۆتە گرێكوێرەیەكی نوێ و خاڵێكی سەرەكیی دیكە بۆ ناكۆكی و دژایەتی لە نێوان باڵەكانی ڕێژیمدا.