ئۆپۆزسیۆنی فارس زمان لە ساڵدا ١٢٠ میلیۆن دۆلار پارە وەردەگرن

کوردستان میدیا: ئاسۆ ساڵح، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی، لە لاپەڕەی فەیس بووکی خۆیدا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە یارمەتییە ماڵی و داراییەکانی دەوڵەتە بیانییەکان بە ئۆپۆزسیۆنی فارس زمان کردووە کە لێرەدا دەقی ئەم ڕاپۆرتە دەخەینە بەرچاوتان.
یارمەتییە ماڵییەکانی حکوومەتە بیانییەکان بە ئۆپۆزسیۆنی فارس: لە ساڵدا لانیکەم ١٢٠ میلیۆن دۆلارە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا حیزب و ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆنی نەتەوە غەیری فارسەکان لە ئێران، بەردەوام تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە یارمەتی ماڵییان لە وڵاتانی دیکە بەتایبەت ئامریکا وەرگرتووە؛ لێرەدا هەوڵ دەدرێت نێونجی بودجەی هەندێک لە ڕاگەیەنە فارس زمانەکانی دەرەوەی وڵات بخەینەڕوو کە بریتییە لە ١٢٠ میلیۆن دۆلار لە ساڵدا.
بەپێی پڕۆپۆزێلی لێژنەی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنەکانی ژێرکۆی دەنگی ئامریکا بۆ داواکاریی بودجە لە کۆنگرەی ئامریکا بۆ ساڵی ٢٠١٦(لەملینکەدا:https://www.bbg.gov/wpcontent/uploads/2015/03/FY2016Budget_CBJ_Final_WebVersion.pdf) بەو دەرەنجامە دەگەین کە بەشی فارسیی دەنگی ئامریکا لە ساڵی ٢٠١٤دا نیزیک بە ١٥ میلیۆن دۆلار، لە ساڵی ٢٠١٥ نیزیک بە ١٤ میلیۆن دۆلاری وەرگرتووە و بۆ ساڵی ٢٠١٦ش داوای ١٤ میلیۆن دۆلاری کردووە.
هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بودجەی بەشی فارسیی ڕادیۆ ئورووپای ئازاد (ڕادیۆ فەردا) لە ساڵی ٢٠١٥دا، ٧ میلیۆن دۆلار بووە و بۆ ساڵی ٢٠١٦ داوای ٥/٧ میلیۆن دۆلاری کردووە، کە لەلایەن دەوڵەتی ئامریکاوە دابین دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئینگلیسیی تێلێگراف، بودجەی بەشی فارسیی بی بی سی، نیزیک بە ١٥ میلیۆن پۆندە کە دەوڵەتی بریتانیا دابینی دەکات: (http://www.telegraph.co.uk/news/wikileaks-files/london-wikileaks/8304853/IRAN-BBC-PERSIAN-TV-BEGINS-OPERATIONS.html)
ماڵپەڕی پۆلیتیکۆش لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بودجەی ٢٤٠ میلیۆن یۆرۆیی کاناڵی یۆرۆنیوز کردووە کە ٢٠ میلیۆن دۆلاری تایبەتە بۆبەشیفارسییۆرۆنیوز(http://www.politico.eu/article/tycoon-takeover-euronews-fundingmepscommission-egypt-naguib-sawiris/)
بودجەی تەلەفزیۆنی "ایران فردا" لەلایەن عەرەبستانەوە دابین دەکرێت کە لە ساڵدا بریتییە لە ١٠ میلیۆن دۆلار. بەشی فارسیی ڕادیۆ دۆیچەوێلەش لەلایەن دەوڵەتی ئاڵمانەوە بودجەی بۆ بڕێندراوەتەوە و هۆلەندیش هاوکاریی ڕادیۆ زەمانە و ماڵپەڕی ڕوزآنلاین دەدات؛ ئەمە جگە لە هاوکارییەکانی ئامریکا بۆ دامەزراوەکانی وەک توانا و شهروندیار و .....
بەم پێیە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای فارس لە ساڵدا لانیکەم ٨٠ میلیۆن دۆلار لە دەوڵەتەکانی وەک ئامریکا و بریتانیا و عەرەبستان و یەکیەتی ئورووپا بۆ چالاکییە میدیاییەکانیان بودجە وەردەگرن؛ هەڵبەت کاناڵەکانی وەک من و تو، فارسی ١ و تەلەفزیۆنە لۆس ئانجلێسییەکانیش بێبەش نەبوون لەم خێروبێرە هەڵڕژاوە.
ئەم دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە ناومان هێنان، هەموویان لەژێر ئیختیار و سەڵاحیەتی ئۆپۆزسیۆنە ناوەندگەراکانی فارسدان، جا چ ئیسڵاحخواز بن یان سێکۆلار یان سەڵتەنەتخواز، کە ڕوونیشە ڕوانینی ئەو لایەنانە بۆ نەتەوە غەیری فارسەکانی ئێران چۆنە.
ئەم ئامارانە لەکاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە خەباتێکی نوێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئارادایە و دوژمنانی کورد و بەشێک لەم بەناو ئۆپۆزسیۆنانەش تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ حیزبی پێشڕەوی گەلی کورد کە گوایە پارە لە عەرەبستان وەردەگرێت.