ڕێژیمی ئێران داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات بە لیباسی کوردی بەشداری لە ڕێژەی حەوتووی بەناو دیفاعی موقەدەسدا بکەن

کوردستان میدیا: بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیمی سەرکوتکەری ئێران لە نامەیەکی فەرمیدا داوایان لە بەسیجیانی کوردستان کردووە کە بە جل و بەرگی کوردیەوە بەشداری لە ڕێژەی حەوتووی بەناو دیفاعی موقەدەسدا بکەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە شاری نەغەدە، لە نامەیەکی فەرمیدا داوایان لە بەسیجیانی ئەو شارە کردووە کە بە جل و بەرگی کوردیەوە لە ڕێوڕەسمی ڕێژەی نیزامیی بەناو حەوتووی دیفاعی موقەدەسدا بەشداری بکەن.
هەواڵنێری ماڵپەری کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند که؛ ئامانجی ڕێژیمی جینایەتکار لەو کارە ئەوەیە کە؛ دەیهەوێ وا پیشان بدات کە خەڵکی کوردستان پشتیوانی لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی ڕێژیمی ئێران دەکەن.
هەروەها هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد کە؛ ئێستا زۆربەی پاسدارە غەیرە کوردەکانیش لە کاتی هاتوچۆدا لە نێو شار و گوندەکانی کوردستان، جل وبەرگی کوردی لەبەر دەکەن.
ئەوە بۆ یەکەم جارە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەن بە جل و بەرگی کوردیەوە لە ڕێوڕەسمی حەوتووی بەناو دێفاعی موقەدەسدا بەشدار بن.
ئەو کردەوەیەی بەرپرسانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان لە دوای ئەوەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێزی پێشمەرگەی ناردووەتەوە نێوخۆی وڵات و خەڵکی کوردستانیش پێشوازیی گەرمیان لە پێشمەرگە کرد، ئەوەش ترس و لەرزێکی زۆری خستۆتە نێو بەرپرسانی ڕێژیمی سەرکوتکەرەوە.
لە دوای ڕاسانی حیزبی دێموکرات و چەندین تێکهەڵچوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەل سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بەردەوام لە هەوڵی بێبایەخکردن و بەلاڕێدابردنی بیروڕای خەڵکی کوردستاندان.
هەروەها ڕێژیم بە شێوەیەکی زۆر چڕ و بەربڵاو دەستی بە میلیتاریزە کردنی شار و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کردووە و هێزی سەرکوتکەر و جینایەتکاری خۆی لە کوردستان جێگیر کردووە.