۱۳۹۵/۰۷/۰۳


بانگهێشتی دوو ژنە وەرزشوانی بواری لەشجوانی بۆ دادسەرا

بانگهێشتی دوو ژنە وەرزشوانی بواری لەشجوانی بۆ دادسەرا

کوردستان میدیا: دوو ژنە وەرزشوانی ئێران کە لە کێبڕکێی لەش جوانی لە دەرەوەی وڵات بەشدارییان کردبوو، بانگهێشتی دادسەرا کران.
هەواڵدەریی میزان سەر بە دەسەڵاتی قەزایی لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، دوو ژنە وەزشوانی بواری لەشجوانی، کە چوار پیاو ڕاهێنانیان بەو دوو ژنە کردبوو بۆ بەشداری لە کێبڕکێی لەشجوانی لە دەرەوەی ئێران، بانگهێشتی دادسەرای فەرهەنگی کران.

بەپێی هەواڵی ئەو ماڵپەڕە، وێنەی بەشداری کردنی ئەو دوو ژنە وەزشوانە بە شێوەی نێوە ڕووت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە و پاش بڵاوبوونەوەیان، دۆسیەیەک لە لقی تایبەتی سزای دادسەرای فەرهەنگی لەسەریان تۆمار کراوە. 

هەر چەندە ئەو ماڵپەڕە شوناسی ئەو چوار ڕاهێنەرەی بڵاو نەکردۆتەوە، بەڵام هەتا بە ئاکام گەیشتنی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، لە کار و چوونەدەرەوە لە ئێران یاساغ کراون. 

ڕاگەیەنەکانی سەر بە دەسەڵاتی یاسایی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە؛ بە هۆی پرسە شەرعی و یاساییەکانەوە، هیچ وەرزشوانێکی مێینە ئیزنی چالاکی لەو بەشە وەرزشیەدای نیە.

شیرین نۆبەهاری یەکێک لە ژنە وەرزشوانەکانی بواری لەشجوانی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هەتا ئێستا لە کێبڕکێکاندا بەشداریت کردەوە دەڵێت: لە نێوخۆی ئێران باس کردنی ئەو پرسە دژبەرانی خۆی هەیە و ئەگەر لە وەها کێبڕکێیەکدا بەشداری بکەیت، دەبێت بچیتە دەرەوەی وڵات و ئەویش بێ کێشە و گرفت نیە و ڕەنگە پاش بەڕێوەچوونی کێبڕکێی لەشجوانی نەتوانی بگەڕێیتەوە بۆ ئێران.