۱۳۹۵/۰۶/۲۹


خەڵک پێشوازییان کرد، بەرپرسانیش پشت گوێیان خستن

خەڵک پێشوازییان کرد، بەرپرسانیش پشت گوێیان خستن

کوردستان میدیا: کاروانی وەرزشکارانی پارائۆلەمپیک گەڕانەوە بۆ ئێران و لەگەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵکی ئاسایی بەرەوڕوو بوونەوە، بەڵام تەنانەت یەک بەرپرسی وەزارەتی وەرزشیش لە شوینی پیشوازی کردنەکەدا ئامادە نەبوو.
هەواڵدەرییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە؛ هەرچەند کە وەرزشکارە ئێرانییەکانی بەشدار لە یارییەکانی پارائۆلەمپیکی بڕێزیل لە کاتی گەڕانەوەیاندا لە فڕۆکەخانەی "مهرآباد" لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە پێشوازییان لێکرا، بەڵام تەنانەت یەک کەس لە بەرپرسانی وەزارەتی وەرزش ئامادە نەبوون بچنە پێشوازیان.

سارە جەوانمەردی، ژنە تیرهاوێژی بەشدار لە کێبڕکێکانی ڕیۆدۆژانیرۆ، کە توانی ٢ مێداڵیای زێڕ بۆ خۆی مسۆگەر بکات، سەبارەت بە پشت گوێ خستنەکەی بەرپرسانی وەزارەت بە کاناڵی "خبر"ی ئێرانی گووت: دڵنیا بن کە نەهاتنی بەرپرسان بۆ ئێرە من دڵسارد ناکاتەوە، بەڵکوو دڵگەرمتر لە جاران وەرزش دەکەم و نەهاتنیان پاڵنەرێکی بەهێزترە بۆ وەرزشکارەکان.

هەروەها سیامەند ڕەحمان وەرزشکاری کوردی بەشدار لەم کێبڕکێیانە کە توانی قورسایی ٣١٠ کیلۆ بەرز کاتەوە و جیهانی پێ سەرسام کرد، بە تەوسەوە باسی لە درەنگ بوونی کاتەکەی کرد و وتی؛ بۆ من بەشداریی خەڵک و ڕازی بوونی خەڵک گرینگە نەک شتێکی دیکە.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەچوونی بەرپرسان بۆ پێشوازی لەم قارەمانانەی پارائۆلەمپیک، وەزیری وەرزشی ئێران هاتە سەر هێڵ و پاساوی هێنایەوە کە گوایە؛ "ڕێکەوتی گەڕانەوەکەیان بە هەڵە بە ئێمە وتراوە" و وتوویەتی کە دواتر ڕێزیان لێ دەگرین!

ئەمە لەحاڵێکدایە کە پێشتریش هەڵسوکەوتی لەم چەشنە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بەرانبەر بە وەرزشکاران بینراوە، کە پشت گوێ خستنی زۆرانبازەکان و وەزنەبەردارەکان زەقترین نموونەیانە.