ساڵیادی لەدایکبوونی هەڵۆی شاخان بەرز ڕاگیرا

کوردستان میدیا: وەرزشوانانی کوردستان بە دروشمی "نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا دەژین"، پێشوازییان لە چل و حەوتەمین ساڵی لەدایکبوونی محەممەد هەوراز کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو، گرووپە شاخەوانییەکانی شاری نەغەدە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ڕێوڕەسمێکیان بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد هەوراز لەسەر گڵکۆی ئەو شاخەوانە بەناوبانگەی کورد بەڕێوە برد.
لە ڕێوڕەسمی ئێوارەی ٢٦ی خەرماناندا، تاجە گۆڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر گۆڵکۆی محەممەد هەوراز دانرا و بە هۆنراوە و مۆسیقای کوردی، ٤٧مین ساڵی لەدایکبوونی بەرز ڕاگیرا.
هەروەها یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی "پاژین"ـی بانە بەناوی فۆئاد ساوان و تێکڕای بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە سروودی "تۆ بەهێزی نامری"ـیان خوێندەوە.
محەممەد هەوراز کە یەکەمین کورد و ئێرانییەکە کێوی ئێوێرێستی هەتا لووتکە بڕیوە، نازناوی "هەڵۆی شاخان"ـی پێ بەخشرا.
یادی ٤٧ ساڵەی لەدایکبوونی محەممەد هەوراز سەرەڕای هەندێ کێشەی تایبەت لە نەغەدە، لەسەر گۆڵکۆکەی لە بناری کێوی سوڵتان بایەقووبی ئەم شارە، بەرز و پیرۆز کراوە.
هەڵۆی شاخان ساڵی ٨٢ و لەکاتی هەڵگەڕان بەسەر کێوی "گاشابروم١"، لە وڵاتی پاکستان، بە هۆی هەرەسی بەفرەوە بریندار و لە شانزەی خەرمانانی هەمان ساڵدا کۆچی دوایی کرد.

