کچان زۆرترین پشکی چوون بۆ زانکۆیان وەدەست هێنا

کوردستان میدیا: دەرەنجامی کۆنکوری ٩٥ ، ٤٦ەمین خولی کۆنکورەکان ڕاگەیەندرا کە لە ٢٤ و ٢٥ی پوشپەڕی ئەمساڵ لە ٣٦٩ شارستانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی دوایی ئامارەکانی سەزگای "سنجش"، ٣٩٨هەزار و ٨٣٢ کەس لەم قۆناغەی خوێندندا ئیزنی چوون بۆ زانکۆکانیان وەدەستهێناوە کە لە نێویاندا کچان ٥٧%ی ئەم ڕێژەیەن.
دەزگای "سنجش" لە نوێترین ئاماری خۆیدا سەبارەت بە دەرەنجامی کۆنکووری ٩٥ ڕایگەیاند ٥٩%ی بەشداربووانی کۆنکووری ئەمساڵ کچان بوون و لەم نێوانەشدا ٥٧%یان توانییان لە بوارەکانی "زانستی"، "هونەر"، "زانستە مرۆییەکان"، " بیرکاری" و "زمانە بیانییەکان" بچنە نێو زانکۆکان.
ئاماری دەرچوان بۆ زانکۆکانی ئێران لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕیژیم نرخی بێکاری لەنێو ژنانی دەرچووی زانکۆکان زیاتر لە ٦٥%ە و زیاتر لە ٥1%ی دەرچوانی زانکۆکانی ئێران وەک حەشیمەتی ناچالاکی وڵات بەئەژمار دێن.
ڕۆژنامەی "تعادل" لە بانەمەڕی ساڵی ٩٤دا لە زاری عەلی لاریجانییەوە بڵاوی کردەوە کە نرخی بێکاری دەرچوانی زانکۆ ٤٢%ە.
هەواڵدەریی مێهریش بڵاوی کردۆتەوە کە دەرەنجامی دوایین لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان لە ئێران و لەنێو توێژی خوێندکاراندا دەری خستووە کە نیوەی چالاکییەکانی سیستمی فێرکاری و پەروەردەی زانکۆیی ئێران تاکوو ئێستا بێ ئامانج و بێ ئاکام بووە و لە نێوان ٢ خوێندکاری دەرچووی زانکۆ، یەکێکیان دەبێ لە ماڵەوە بمێنێتەوە و ئەوی دیکەشیان ناچالاک دەبێت.