هێشتا بودجەی پارێزگای سنە نەنێردراوە

کوردستان میدیا: سەرەڕای تێپەڕینی ٦ مانگ لە ساڵی ٩٥ هێشتا بودجەی ئەم پارێزگایە لە تارانەوە ڕەوانە نەکراوە.
هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم لە زاری مەنسور مۆرادی، سەرۆکی کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای سنەوە بڵاویان کردۆتەوە کە سەرەڕای تیپەڕینی ٦ مانگ لە ساڵی ٩٥ هێشتا بودجەی دیاریکراو بۆ پارێزگای سنە بەڕێ نەکراوە و ڕوونیش نییە کەی بڕیار لە سەر ناردنەکەی دەدرێت.
ناوبراو کە لە ڕێوڕەسمی ناساندنی بەڕێوەبەری گشتی "تامین اجتماعی" پارێزگا قسەی کردووە، بە شەرمەوە وتوویەتی: تەنیا دڵخۆشی ئێمە ٢ بازاڕچەی سنووری مەریوان و سەوڵاوایە و ئەگەر ئەم ٢ بازاڕچە نەدەبوون ئەوا ڕێژەی بێکارەکانمان گەلێک لە ئێستا زیاتر دەبوون.
مۆرادی باسی لە توانایی و پۆتانسیەلەکانی کەرتی کشت و کاڵ بەتایبەت لە بواری گەنم، تووە فەرەنگی، هەنار و کەرتی ئاژەڵداری کردووە و وتوویەتی کە بەهۆی نەبوونی سەرمایە و گرینگی نەدانی حکومەت تەواوی بەرهەمەکانی ئەم پارێزگایە خاوفرۆش دەکرێت.
بەپێی لێدوانەکانی مۆرادی، پارێزگای سنە بەپێچەوانەی زۆربەی پارێزگاکانی ئێران کە لە سەرووی ٧٠% لە خەڵکەکەیان لەلایەن بیمەوە پشتیوانییان لێدەکرێ، کەمتر لە ٤٠%ی دانیشتوانی پارێزگای سنە دەتوانن کەڵک لەم مافە وەربگرن.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە بوونی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری نیوەچڵ و ناتەواو کرد کە ساڵانێکە بریاری لەسەر دراوە بەڵام تا ئێستا بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست تەواو نەبووە.
پارێزگای سنە یەکێک لە پارێزگا بێ بەش کراوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە سەرەڕای بوونی هێزی مرۆیی کارامە و بەستێنی لەبار بۆ پێشکەوتن لە پەراوێز خراوە و سەرەڕای بەڵێنی دانی هەمیشەیی بەرپرسانی ڕێژیم تەنانەت لە ئاستی سەرکۆمار و وەزیرەکاندا، هێشتا بە چاوی ئەمنیەتییەوە سەیر دەکرێت و ئاوڕی لێ نادرێتەوە.