۱۳۹۵/۰۶/۲۲


زیندانییەکی زندانیی ڕەجایی شار مەترسیی بڕینەوەی دەستی‌ لەسەرە

زیندانییەکی زندانیی ڕەجایی شار مەترسیی بڕینەوەی دەستی‌ لەسەرە

کوردستان میدیا: "محەممەد ڕەزا فەرەحناک"، بەتۆمەتی دزی کردن، ١٨ساڵە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجە و مەترسیی بڕینیەوەی دەستی لەسەرە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران "هێرانا" بڵاوی کردووەتەوە؛ ئەگەری ئەوە لەئارادایە ڕۆژی سێ‌شەممەی حەوتووی داهاتوو، ئەو زیندانییە پاش ١٨ساڵ زیندانی کران، سزای بڕینەوەی دەستی جێبەجێ بکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبارودۆخی ناوبراو، بە هەواڵدەریی "هێرانا"ی ڕاگەیاندووە کە؛ "پێش لەم حوکمەش، چەند جاری دیکەش حوکمی بڕینەوەی دەستی بۆ دەرچووە، بەڵام هەر جار ئەم حوکمە دوا خراوە و پاش ١٨ساڵ، چارەنووسی ناوبراو بەنادیاری ماوەتەوە."

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە؛ "حوکمی ناوبراو ١٢ ساڵ زیندان بووە، بەڵام بە هۆی دەرچوونی حوکمی بڕینەوەی دەستی، ٦ ساڵ زیندانی زیاتری بەسەردا سەپاوە". 

هەروەها گوتی کە؛ "چۆن دەبێت کە زیندانییەک ١٨ساڵ بە هۆی دزی لە زینداندا ڕابگیرێت و حوکمی بە تەواوی بۆ دەرنەچێت و چارە نووسی نادیار بمێنێتەوە"؟

"محەممەد ڕەزا فەرەحناک" ئێستا لە بەندی حەوتی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسڵامیی ئیران بەهەر بیانوویەک سزای قیساس بە سەر خەڵکدا دەسەپێنێ، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ئاغا زادەکانی سەر بە ڕێژیم، پاش چەند ساڵ هەڵڵوشین و ڕاوڕووتی سامانی نەتەوەیی وڵات، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات و بازرگانیی نایاسایی لە نێو وڵاتان و ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ دزی ماڵ و سامانی خەڵکی ئێڕان، بۆخۆیان لەو سزایە پارێزراون.