۱۳۹۵/۰۶/۲۲


توندوتیژییەکان لە ئێراندا بەرهەم دێن و بەرهەم دەهێندرێنەوە

توندوتیژییەکان لە ئێراندا بەرهەم دێن و بەرهەم دەهێندرێنەوە

کوردستان میدیا: دوایین لێکۆڵینەوەکان لە ئێران باس لە زیادبوونی ڕێژەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت تووندوتیژییەکان دەکەن، و کارناسانیش پێیان وایە لە ئێراندا توندوتیژی جارێکی دیکەش بەرهەم دەهێندرێنەوە.
بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان ڕەوتی ئێعتیاد، تەڵاق، خۆکوژی، تاڵان و دزی، ڕاکردن لە ماڵ، کوشتن، شەڕ و تاوانە جینسییەکان لە ئێراندا بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە، بەچەشنێک کە تەنیا لە ساڵی ١٣٩٠دا، ٤ میلیۆن کەس لە ئێران بەشێوەی فەرمی بەکاربەری ماددەی سڕکەر بوون و وەک بەرپرسانی ڕێژیمیش دەڵێن، لە ڕۆژدا لانیکەم ١٠٠ کەس بەم ڕێژەیە زیاد دەبێت.

هەروەها بەپێی دوایین ئامارەکانی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم، لە ڕۆژدا بەشێوەی نێونجی ١٨٠٠ حاڵەتی دزی کردن ڕوو دەدەن و لە ساڵیشدا ٤٠٦٩ کەس کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن کە بەپێی ئەم ئامارانە، ئێران لە ئاستی جیهانیی‌دا لە پلەی ١٢٠دا جێی گرتووە.

ئەمیر ڕەزاقی، لێکۆڵەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران دەڵێ: هۆکاری پەرەسەندنی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان بریتییە لە نەبوونی ئازادییە تاکەکەسییەکان، ئازادییە فیزیۆلۆژیکەکان، ئەمنیەتی گیانی و ڕۆحی و پیشەیی، ئازادی بیرکردنەوە، ئازادی کۆمەڵایەتی و نەبوونی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "کیهان لندن" دەڵێ: هۆکارەکانی بەرهەم هاتن و بەرهەم هێنانەوەی توندوتیژی لە کۆمەڵگای ئێران بریتین لە کێشە ئابوورییەکان، جێبەجێ نەکردنی هەندێک لە یاساکان، دووچاوگی و هەڵاواردن، نایەکسانی، نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بوونی کەلێنی قوڵی کۆمەڵایەتی، لاوازی لە کولتووری پێکەوە هەڵکردن، فەزای زاڵ بەسەر ڕاگەیەنەکان و پەرەدان بە توندوتیژی بەشێوەی سیستماتیک لەڕێگەی میدیاکان، پەرەدان بە سەرباشقە و ئۆلگووە کۆمەڵایەتییە ناڕاستەکان کە بەشی هەرەزۆریان لەلایەن سیستمی حاکمەوە ئەنجام دەدرێن.

بەباوەڕی ناوبراو، کۆمەڵگای ئێران و سیستمی زاڵ بەسەر ئەم وڵاتەدا، هەم توندوتیژی بەرهەم دەهێنن و هەم بەرهەمی دەهێننەوە؛ بەم چەشنەش قەیرانی کۆمەڵایەتی درووست دەبێت و لەشێوازی جۆربەجۆردا خۆی دەردەخات.