۱۳۹۵/۰۶/۱۶


جەهانگیری: ئاستی گەندەڵییەکانی خۆمان بچووک دەکەینەوە

جەهانگیری: ئاستی گەندەڵییەکانی خۆمان بچووک دەکەینەوە

کوردستان میدیا: جێگری یەکەمی حەسەن ڕوحانی نیگەرانی خۆی لە بەربڵاوی ئاستی گەندەڵییەکان لە ئێران دەربڕی و وتی: گەندەڵی وەک مۆریانە کەوتووەتە گیانی وڵات.
ئیسحاق جەهانگیری لە ٦١ەمین کۆڕی گشتی دەزگای "حراست"دا پێداگری لەسەر بوونی بەربڵاوی گەندەڵی لە ئێراندا کرد و وتی: گەندەڵی وەک مۆریانە کەوتووەتە گیانی وڵات و هێواش هێواش خەریکە لەنێوی دەبات کە ئەمەش لە ڕێگەی بەرپرسانەوە ئەنجام دەدرێت.



ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بە بەشێک لە گەندەڵییەکان کە لەم دواییانەدا ئاشکرا بوون وتی: گرینگترین سەرمایەی سیستمی سیاسیمان کە متمانەی خەڵکە بەهۆی گەندەڵی و گەندەڵکارەکانەوە خەریکە لەنێو دەچێت.

ناوبراو هەروەها لە بەشێک لە قسەکانیدا ڕایگەیاند: لە چەند حەوتووی ڕابردوودا پرسی گەندەڵی لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات هاتۆتە بەرباس و تێیدا هەوڵ دراوە ئاستی گەندەڵییەکانی خۆمان بچووک پیشان بدرێت کە نموونەی هەرە دیاری چیرۆکە بەناوبانگەکەی شارەداری تارانە و لە بەرامبەریشدا ئاستی گەندەڵی دژبەران و دوژمنانمان گەورە و زەبەلاح پیشان دەدرێت کە ئەمە سیاسەتێکی دوولایەنەیە و هەڵەیە.

سەبارەت بە دۆخی شپرزەی ئابوریی ئێران جەهانگیری بە نیگەرانییەوە وتی: لە ساڵانی ڕابردوودا ئاستی خۆشبژێوی خەڵک زۆر زۆر کەمی کردووە و دۆخی داهاتی سەرانەی ئێرانیش بەهۆی هەڵاوسانە بەرزەکانەوە تووشی داتەپین هاتووە؛ بۆ وێنە لە ساڵی ١٣٩٢دا توانای کڕین لای خەڵکی شارنشین ١٩% و لای خەڵکی گوندنشین ٢٢% کەمی کردووە.