۱۳۹۵/۰۶/۱۶


لە ترسی گەیشتنی كورد بە دەریا، داگیركەران یەكیان گرتووە

لە ترسی گەیشتنی كورد بە دەریا، داگیركەران یەكیان گرتووە

كوردستان میدیا: نەعمان كۆرتۆلمووش، جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیە ڕٍایگەیاند، یەكێك لە دیارترین ئامانجەكانی ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی فورات" كە توركیە حەوتووی ڕابردوو لە باكووری سووریە دەستی پێكرد، پێشگرتن بە كردنەوەی ڕێگایەك بۆ كورد تا كەناراوەكانی دەریای ناوەڕاستە. ناوبراو هەروەها جەختی كردەوە كە هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان و یەك لەوانەش ڕێژیمی ئەسەد، پێشتر لە نیازی توركیە بۆ ئەو هێرشە ئاگادار كراونەتەوە.
لە لایەكی دیكەوە، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پەیەدە لە وتووێژێكدا لەگەڵ "شەرقولئەوسەت" ئێران و توركیە و سووریەی بەوە تۆمەتبار كردووە كە بۆ لێدانی كورد یەكیان گرتووە، لە كاتێكدا كە ڕووسیە و ئەمریكاش لەو پێوەندییەدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.



هەر لەو پێوەندییەدا، سیهانۆك دیبۆ، ڕاوێژكاری باڵای ساڵح موسلمیش دەڵێ شەڕ لە نێوان YPG و هێزەكانی ڕێژیمی ئەسەد كە ڕۆژی ١٨ی ئاگۆستدا لە شاری حەسەكە ڕووی دا، دەرخەری ئەوەیە كە ڕێژیمی ئەسەد و حكوومەتی توركیە لە مەسەلەی كورددا لێك نزیك بوونەتەوە و لەگەڵ هەر چەشنە خودموختارییەك بۆ كوردەكان دژایەتی دەكەن.

دێبۆ ڕایگەیاندووە كە توركیە بەم دواییانە باس لە ئەگەری باشتربوونی پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ بەشار ئەسەد دەكات و لە بەرانبەردا دیمەشقیش بە شێوەی پراكتیكی و بە بۆردمانی حەسەكە، وەڵامی ئەرێنیی بە ئانكارا داوەتەوە.

دیبۆ هەروەها گومانی خۆی لە هەمبەر هەبوونی گەڵاڵەیەكی تۆكمە لە لایەن حكوومەتی توركیەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كوردانی ڕۆژئاوا دەربڕی و ڕایگەیاند هێرشی بەربڵاو بۆ سەر ناوچەكانی كوردستانی ڕۆژئاوا، بەهۆی بەرخۆدانی كوردەوە تێك دەشكێت