۱۳۹۵/۰۵/۲۳


یەکێک لە بریندارەکانی مەریوان مرد


یەکێک لە بریندارەکانی مەریوان مرد

کوردستان میدیا: یەکێک لە بریندارەکانی ڕۆژی ١٩ی گەلاوێژی مەریوان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
پاش ئەوەیکە چەند چەکدارێکی نەناسراو لە شاری مەریوان، سەر لەئێوارەی ڕۆژی سێ‌شەممە ١٩ی گەلاوێژ، بە نارنجۆکی دەستی هێرشیان کردە سەر ماشینێکی جۆری سەمەندی سەر بە کەڵانتەریی مەریوان و ٣ کەس لە هێزەکانی ڕێژیمیان بریندار کرد، یەکێک لە بریندارەکان بەناوی "عەبدوڵڵا مروەتی" خەڵکی گوندی پایگەلانی سەوڵاوا، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی مەریوان گیانی لەدەست دا.


هەروەها هەندێک سەرچاوەی خۆجێییش، باس لە مردنی یەکێک لە جاشەکانی شاری سەقز بە ناوی "جەلال" لە نەخۆشخانەی "تامین اجتماعی" ئەم شارە دەکەن، کە ڕۆژی سێ‌شەممە لە گەڕەکی ساڵح ئاوای ئەم شارە، وێڕای ٢ بەکرێگیراوی دیکەی رێژیم، کەوتنە بەرپەلاماری لاوانی ئەم شارە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، ئەم کەسانە ئێوارەی ڕۆژی سێ‌شەممە کاتژمێر ٧، لە گەڕەکی ساڵح‌ئاوای سەقز هێزێکی جاش و بەکرێگیراو و لیباس شەخسیی سەر بە ئیتلاعات، هەڵدەکوتنە سەر چەند لاوێکی ئەم گەڕەکە، کە لەگەڵ دژکردەوەی توندی ئەوان بەرەوڕوو دەبنەوە و لە ئەنجامدا چەند بەکرێگیراوێک بە خەستی بریندار بوون و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی "تامین اجتماعی" سەقز کران.

ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژیش كەسێکی نەناسراو لە گەڕەكی فەرهەنگیانی شاری بۆكان، تەقەی لە دوو جاشی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران کرد و ئەو جاشانەی بە توندی بریندار کرد، كە یەكێک لەو جاشانە بە ناوی "خوسرەو ساڵەچیمەن" بەهۆی سەختیی برینەکانی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کرابوو.