۱۳۹۵/۰۵/۱۲


بەرپرسانی ئێران پاساو بۆ بەشداری کردنیان لەشەڕی سووریەدا دێننەوە


بەرپرسانی ئێران پاساو بۆ بەشداری کردنیان لەشەڕی سووریەدا دێننەوە

کوردستان میدیا: بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتژیکی ئێران – ناجا، ڕەخنەی لەو کەسانە گرت کە بەرانبەر بەشداریی چەکدارانی ڕێژێمی ئێران لە شەری سووریەدا هەڵوێستیان ‌گرتووە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، پاسدار "ئەحمەدڕزا ڕادان" لە ڕێوڕەسمێک‌دا بۆ پاساو هێنانەوە بۆ بەشداریی پاسداران و چەکدارانی سەر بە ڕێژیمی داگیرکەری ئیران لە شەڕی سووریەدا ڕایگەیاندووە کە؛ "کوژراوانی شەڕی بەرگری لە حەرەم، لە سووریە، ڕێگای کوژراوانی شەڕی ٨ساڵەی ئێرانیان درێژە داوە."


ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بە تاوانەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش کردووە و لە لێدوانێکی چەواشەکارانەدا ڕایگەیاندووە کە؛ "ئەم گرووپە لەگەڵ تەواوی بنەما پیرۆزەکانی ئیسڵام شەڕ دەکەن ."

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بۆ سەرپۆش دانان لەسەر ئاژاوەگێڕییە‌کانی خۆی لە ناوچە و وڵاتانی دراوسێ وەک سووریە، ئامادە بوونی چەکداری لەو وڵاتانەدا، بە پارێزەری و بەرگری لە شوێنە پیرۆزە ئاینییەکان و یارمەتی و ئەرکی ئینسانی و بەرگری لە تاران ناو دەبات و ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشداریی سپای ڕێژیمی ئێران لە شەڕی سووریەدا، بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتداریی ئێران لە ناوچەکەدایە و پارێزەری لە دەسەڵاتی ئەسەد وەک هێڵێکی سوور ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنێت. لەحاڵێکدا کە زۆرێک لە چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەو بڕوایەن کە سەری مارەکەی داعش لە ئێرانەوە دەرچووە.