۱۳۹۵/۰۵/۲۴


نوێنەری بناژۆخوازی مەجلیسی ڕێژیم: ئۆپۆزیسیۆنی نیزام دەبێ چاوەڕێی ئیعدام بكەن


نوێنەری بناژۆخوازی مەجلیسی ڕێژیم: ئۆپۆزیسیۆنی نیزام دەبێ چاوەڕێی ئیعدام بكەن

كوردستان میدیا: موحەممەدڕەزا باهونەر، نوێنەری مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم وێڕای بە دژەشۆڕش (دژبەری ڕێژیم) ناسینی بەشێك لە لایەنەكانی نێو كۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاندووە كە ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم دەبێ چاوەڕێی ئیعدام بكەن.
باهونەر جێگری سەرۆكی پێشووی مەجلیسی نۆهەم، لە وتووێژێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ندای ایرانیان" ڕایگەیاندووە: "بە ڕاشكاوی دەڵێم كە بەشێك لە بنەماڵەی شۆڕش، دژە شۆڕشن". ناوبراو لە درێژەدا وتی: "ئەگەر كەسێك ئۆپۆزیسیۆنی نیزام (ڕێژیم) بێت، دەبێ چاوەڕێی ئیعدام بكات".


ئەو نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم هەروەها وتی: "باشە دەبێ چ بكەین؟ ... ئایا هیچ وڵاتێك هەیە كە ڕێگا بدات نەیارانی سیستمی یاسایی وڵات، چالاكییان هەبێت؟"

ئەو دەربڕینانە دوابەدوای ئێعدامەكانی ئەم دواییانە و هەروەها بڵاوبوونەوەی فایلێكی دەنگی لە ئایەتوڵڵا مونتەزیری لە پێوەندی لەگەڵ قەڵاچۆی بەندكراوانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧دا دێت. بە گوێرەی ئەو فایلە، مونتەزیری لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئەندامانی "هەیئەتی مەرگ"، واتە كۆمیتەی بەرپرسی ئێعدامەكانی ساڵی ٦٧، ئیعدامەكان وەكوو گەورەترین تاوان لە كۆماری ئیسلامیدا پێناسە دەكات".

بەشی هەرەزۆری ئەو كەسانەی كە لەو ساڵەدا ئیعدام كران و ژمارەیان لە 5 هەزار كەس تێدەپەڕێت، بە تۆمەتی "شەڕ لەگەڵ خودا" و "دژایەتیكردنی شۆڕش (ڕێژیم)" گیانیان لێ ئەستێندرا.

ئایەتوڵڵا مونتەزیری هەروەها لە بیرەوەرییەكانیدا نووسیویە: "یەكەم ڕۆژی مانگی موحەڕەم بوو. من ئاغای نەییری دادوەری شەرعیی بەندیخانەی ئێڤین و ئاغای ئیشراقی، دۆزگەر (دادستان) و ئاغای ڕەئیسی جێگری دۆزگەر و ئاغای پوورموحەممەدی نوێنەری ئیتلاعاتم بانگ كرد و پیم گوتن كە ئێستا سەرەتای مانگی موحەڕەمە، لانیكەم لە موحەڕەمدا ئیعدامەكان ڕابگرن، ئاغای نەییری وتی: "ئێمە تا ئێستا ٧٥٠ كەسمان لە تاران ئیعدام كردووە، دووسەد كەسیش كە هەڵوێستی خۆیان نەگۆڕیوەلەوانەی دیكە جیامان كردوونەتەوە. با كوشتنی ئەمانەش لە كۆڵ بكەینەوە. دواتر هەرچۆنێك ئێوە بڵێن، وا دەكەین". 

شایانی باسە، ئەو لێدوانانە لە كۆتایی فایلە دەنگییەكەشدا دەبیسترێن.