۱۳۹۵/۰۵/۲۴


شاری منبج لە سووریە کۆنتڕۆڵ کرایەوە


شاری منبج لە سووریە کۆنتڕۆڵ کرایەوە

کوردستان میدیا: یەکێک لە گرینگترین ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی گرووپی تێرۆریستیی داعش لە سووریە کەوتە دەست هێزەکانی ناسراو بە سوریەی دێمۆکراتیک.
هەواڵدەرییە نێونەتەوەییەکان بڵاویان کردەوە کە شاری ستراتژیی منبج لە باکووری سووریە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٢ی گەلاوێژ لە لایەن هاوپەیمانانی کورد و عەرەب بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ کراوە.


ئەو هێزانە زیاتر لە ٧٠ ڕۆژە سەرقاڵی شەڕ لە دەورووبەری منبجن، زۆرینەی دانیشتوانی شاری منبج کورد پێکی دێنن و ٢٣٠ کەسیان لەم ئۆپەراسیۆنەدا گیانیان لە دەست داوە.

وتەبێژی شووڕای نیزامیی منبج کە سەر بە هێزەکانی سووریەی دێمۆکراتیکە هەواڵی "ئازاد کرانی یەکجارەکی" ئەو شارەی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فەرانسە پشتڕاست کردووەتەوە.

بەپێی لێدوانی شەڕڤان دەروێش؛ داعش لە دوای شکستی لە منبج زیاتر لە ٢ هەزار کەسی سڤیلی لە ژن و منداڵ وەک بارمتە و قەڵغانی مرۆیی ڕفاندووە.

وتەبێژێک لە پنتاگۆنیش هەواڵی ئازادکرانی منبجی پشتڕاست کردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەش، چاودێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی منبجدا نزیک بە ٤٣٧ کەس لە خەڵکی مەدەنی لەوانە ١٠٥ منداڵ گیانیان لە دەست داوە.

هەر ئەو سەرچاوەیە ڕێژەی کوژراوانی داعشی بە ١٠١٩ تێرۆریست لە قەڵەم داوە.

منبج گەورەترین شاری پارێزگای حەلەب، تا پێش داگیرکردنی لە لایەن گرووپی تێرۆریستیی داعشەوە، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس دانیشتووی هەبووە.