موراد قەرەیلان خەباتی چەکداری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بەرژەوەندیی عەرەبستان و تورکیە دەزانێ

کوردستان میدیا: موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.کا.کا)، شەڕی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕاستای خزمەت بە عەرەبستان و تورکیەدا دەزانێ .
موراد قەرەیلان لە وتووێژێکدا لەگەڵ یەکێک لە کاناڵە تەلەفزیۆنییەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان(پ.کا.کا)، شەڕی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەت دەکاتەوە.
موراد قەرەیلان لە وتووێژێکدا لەگەڵ یەکێک لە کاناڵە تەلەفزیۆنییەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان(پ.کا.کا)، شەڕی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەت دەکاتەوە.
ناوبراو دەڵێ: لە سەر ئەساسی بارودۆخی ئێستا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دەبێ چالاکیی تەشکیلاتی، کولتووری و مەدەنی پەرەی پێ بدرێ.
ئەو ئەندامەی ڕێبەریی پ .کا. کا، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: شەڕی چەکداری لێکەوتە و دەرهاویشتە بەدوای خۆیدا دێنێ، کە دەبێ حێزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەوە لەبەرچاو بگرن.
قەرەیلان دەڵێ: لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، نابێ بکەونە ژێر کاریگەریی هیچ هێزێکی بیانی.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداریی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاربەدەستانی تێرۆریستی ئێران، بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حیزبی دێموکرات لەگەڵ هەندێک لە وڵاتان پێوەندی هەیە.
موحسێن ڕەزایی یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسداران، و سەرۆکی کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا، باسی لەوە کردووە کە؛ حیزبی دێموکرات و بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودی لە شاری هەولێر، بە نهێنی کۆبوونەتەوە.
عەلی شەمخانی، سکرتێری شوورای باڵای ئەمنیەتی ڕێژیم، لە دیدار لەگەڵ کەریم سنجاری وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا، نیگەرانیی خۆی لە چالاکییەکانی ئەم دوایانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە قووڵایی خاکی ئێران دەربڕی، و گوتی: "جووڵەکانی "دژە شۆڕش"ە کلاسیکەکان، لە سنوورە هاوبەشەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، بە پشتیوانیی تۆڕە سیخوڕییە ناوچەیی و سەروو ناوچەییەکانەوە بەڕێوە دەچێت".
شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە لە نەورۆزی ئەم ساڵدا کە قۆناغێکی نوێ لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی ئەم حیزبە ڕاگەیەندرا، بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام باسی لە ناو بردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەن.
لەو پێوەندیەدا، کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ وتەکانی موراد قەرەیلان، ئەندامی ڕێبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای گوت؛ شێوەی خەبات لە هەر بەشێک لە کوردستاندا، خەباتکارانی ئەو بەشە دیاری دەکەن. لەبەر ئەوەی ئەوان دەتوانن ئەولەویەت و دۆخی ڕاستەقینە و دروستی خەبات لە پارچەکەی خۆیان دیاری بکەن. دووپات کردنەوەی تۆمەتەکانی ڕێژیمە حاکمەکان بەسەر کوردستاندا، لە لایەن هیچ یەک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە دژی یەکدی، جێگای قەبووڵ کردن نیە.
پەرویزی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: خەباتی ئێستای نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە ژێر ناوی "ڕاسان"، هەڵقۆڵاوی ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بووە، و هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە کە دژکردەوەی توندی ڕێژیمی ئێسلامیی تارانی لێ کەوتووەتەوە. ڕێژیمی کۆماری ئێسلامی، بە پێچەوانەی حکوومەتی تورکیە، ئیزنی هیچ شێوە چالاکییەکی سیاسیی و پارلەمانی بە خەڵک و بەتایبەتی نەتەوەی کورد نادات، و ناتوانرێ لەو جێگایە کە مەجالی چالاکی پەرلەمانی و سیاسیی هەیە، دەست بدرێتە خەباتی چەکداری و لە جێگایەکی دیکە کە ئیزنی هیچ شێوە چالاکییەکی سیاسیی و پەرلەمانی نیە، چالاکی و خەبات لەو بەشە پێوەندی بدرێت بە بێگانەوە.