۱۳۹۵/۰۵/۰۹


کەمتر لە ٢٠%ی فڕۆکەخانەکانی ئێران چالاکن


کەمتر لە ٢٠%ی فڕۆکەخانەکانی ئێران چالاکن!

کوردستان میدیا: وەزیری ڕێگەوبانی کۆماری ئیسلامی بە نیگەرانییەوە باسی لە دۆخی فڕۆکەخانەکانی ئێران کرد و وتی تەنیا ٨ فڕۆکەخانەی ئێران واتە کەمتر لە ٢٠% ی ناوگانی هەوایی چالاکییان هەیە.
عەباس ئاخوندی لە لێدوانێکی نوێدا کە ڕۆژنامەی "آرمان" بڵاوی کردۆتەوە ڕایگەیاند: ناوگانی هەوایی ئێران بەتەواوەتی پرتوکاوە و هیچ هەوڵێکی ئەوتۆش بۆ نۆژەن کردنەوەیان لە گۆڕێدا نییە.


ناوبراو وتوویەتی: بە لانیکەمەوە ٢٠٠ هەزار میلیارد ڕیاڵ پارە پێویستە تاکوو بتوانین سەرەتایەکی نوێ بۆ ناوگانە هەواییەکەمان بخوڵقێنین.

بەپێی قسەکانی ئاخوندی هەنوکە تەنیا ١٢ فڕۆکە لە ئێراندا بوونیان هەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٠ بەملاوە ساز کراون و تەمەنی هەموو فرۆکەکانی ترمان لە سەرووی ٣٣ ساڵدایە، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە تەمەنی لەکارکەوتوویی فڕۆکە بەپێی پێوەرە نێونەتەوەییەکان ٢٣ ساڵە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاخوندی دەڵێ: ئێمە بۆ تەیارکردنی ناوگانە هەواییەکەمان پێویستیمان بە لانیکەم ٤٠٠ فڕۆکەی نێونجی و ١٠٠ فڕۆکەی بچوک هەیە و تێچووی کڕینەکەی دەکاتە ٥٠ میلیارد دۆلار.

هەنوکە تەمەنی سەنعەتی هەواپێوانی ئێران لە ٨٢ سال تێپەڕیوە و بەهۆی کەمتەرخەمی لێپرسراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ٤ دەیەی ڕابردوودا گەیشتۆتە خاڵی سوور و یەکێک لە بێ متمانەترین ناوگانەکانی جیهان.