۱۳۹۵/۰۵/۰۹


ئێران یەکەمی بێ‌ڕکابەر لە سپی‌کردنەوەی پارەدا


ئێران یەکەمی بێ‌ڕکابەر لە سپی‌کردنەوەی پارەدا

کوردستان میدیا: ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بۆ جارێکی دیکە لە نێوان ١٤٩ وڵاتی جیهاندا پلەی یەکەمی بۆ سپی‌کردنەوەی پارە وەدەست هێنا.
نوێترین پلەبەندیی ساڵانەی "دژ بە سپی‌کردنەوەی پارە" کە لە لایەن دامەزراوەی "بەڕێوەبەریی دەوڵەتیی بازڵ" ئەنجام دەدرێت، دەریخستووە کە ئەمساڵیش ئێران پاش لە سەر ڕێ لابردنی ڕکەبەرەکانی، پلەی یەکەمی لەم بوارەدا وەدەست هێناوە.



لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی بەملاوە، ئێران هەمیشە هەڵگری ئەم نازناوە بووە.

دامەزراوەی بازڵ بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێکی بێ‌خەوش کەڵک لە داتا ئابوورییەکانی ناوەندگەلێکی وەکوو بانکی جیهانی، کۆڕی جیهانیی ئابووریی و دەستەی تایبەتی دراو وەردەگرێت و لە نێوان سیفر هەتا دە ئیمتیاز بە وڵاتانی جیهان دەدات کە ئەمساڵ ئیمتیازی ئێران ٨/٦١ بووە، کە زۆرترین ئیمتیازە و ئێرانی کردۆتە گەورەترین وڵات لە باری سپی‌کردنەوەی پارە و پاڵپشتیی ماڵی لە تێرۆریزم.

هاوتەریب لەگەڵ ئێران، وڵاتانی ئەفغانستان، تاجیکستان، گینەی بیسائۆ، مالی، کامبوج، موزامبیک، ئۆگاندا، سوئیزلەند و میانماڕ دەبیندرێن.

ئەم چەشنە هەواڵانە لە کات و ساتێکدا بڵاو دەبنەوە کە کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی و باشترکردنی دۆخی ئابوریی وڵات دەکات و سەرۆکی دەوڵەتی "تدبیر و امید" لە هەموو سەفەرە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی‌دا پێ لەسەر ئەم بابەتە دادەگرێتەوە.