۱۳۹۵/۰۵/۰۹


بکوژانی کۆڵبەرانی ڕۆبۆسکی دادگایی دەکرێن


بکوژانی کۆڵبەرانی ڕۆبۆسکی دادگایی دەکرێن

کوردستان میدیا: دوو بەرپرسی پلەبەرزی تورکیه بە هۆی کوشتنی کۆڵبەرانی ڕۆبۆسکی و خولقاندنی کارەساتی ڕۆبۆسکی دادگایی دەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "ئاکن ئۆزتوک" فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانیی تورکیه و "ئیدریس نەعیم شاهین" وەزیری پێشووتری نێوخۆی تورکیه، بەتۆمەتی کوشتنی ٣٤ کۆڵبەری کورد لە شارۆچکەی ئولودەرە سەر بە پارێزگای شرناخ، کە لە بۆردومانێکدا کوژران، دادگایی دەکرێن. 




ئیدریس نەعیم شاهین، لە ساڵی٢٠١١ تا ٢٠١٣ی زایینی وەزیری نێوخۆی تورکیه بووە. هەروەها ئاکن ئۆزتورک، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی تورکیه بووه.

لە کارەساتی ڕۆبۆسکی، لە نزیک سنووری عێراق و تورکیه، لە پارێزگای شرناخ، فڕۆکە جەنگییەکانی توركیە هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر چەند کۆڵبەرێکی ناوچەکە ئەنجام دا و بەو هۆیەوە ٣٤ هاوڵاتیی کورد کوژران.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی تورکیه ڕایگەیاند کە؛ ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە. حوسێن چەلیک، جێگری سکرتێر و وتەبێژی فەرمیی پارتی داد و گەشەپێدان، لەم بارەیەوە ڕایگەیاندبوو کە؛ خێزانی قوربانییەکان قەرەبوو دەکرێنەوە و بڕی قەرەبوو کردنەوەکە دوای کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان پێیان دەگات".

لە ڕووداوی ڕۆبۆسکی‌دا‌ کە ساڵی ٢٠١١ ڕووی‌دا، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیه، ٣٤ کۆڵبەری کورد لە شارۆچکەی ئولودەرە کوژران.