۱۳۹۵/۰۳/۲۹


باڵوێزەکانی ڕێژیم لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەندامی سپای قودسن


باڵوێزەکانی ڕێژیم لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەندامی سپای قودسن

کوردستان میدیا: باڵوێزێکی پێشووی ڕێژیمی تیرۆریستی ئێران و یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران، باسی لە ئەندام بوونی باڵوێزەکانی ئێران لە سپای قودس‌دا کرد.
جەواد مەنسووری یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم و باڵوێزی پێشووی ئەو ڕێژیمە، لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: "عەباس عێراقچی گەورە باڵوێزی ڕێژیم و هەندێکی دیکە لە باڵوێزەکانی ڕێژیمی ئێران ئەندامی سپای قودسن".


ناوبراو لەو وتووێژە لەگەڵ "مجلە رمز عبور"دا، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە گوتی: "بە بڕیاری خومەینی لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی‌دا، یەکەی بزووتنەوە ڕزگاریدەرەکان لە سپای پاسدارانەوە بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوە گوازرایەوە، بەڵام پاش دوو _ سێ ساڵ، ئەو یەکە گوازرایەوە بۆ سپای پاسداران و گورا بە هێزی سپای قودس".

مەنسووری لەم وتووێژەدا، باسێکی سەبارەت بە کار و چالاکیی سپای پاسداران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و دەستێوەردانی ئەم ڕێکخراوە نیزامیە لە کار و باری دەرەوەی وڵات کرد و دەڵێت: "باڵوێزی ئێستای ڕێژیم لە عێراق و باڵوێزی پێشووش ئەندامی سپای قودس بوون و هەروەها باڵوێزەکانی ڕێژیم لە لوبنان و سووریە"ش ئەندامی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەن.

سپای قودس هێزی تایبەت و یەکێک لە لقەکانی سپای پاسدارانە کە بەرپرسایەتی چالاکییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانی لە ئەستۆدایە.
ئەرکی سەرەکیی سپای قودس، ڕێکخستن، ئامادەکردن و هاوکاری لەگەڵ گرووپە تیرۆریستیەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە و ڕۆڵی کاریگەر لە هەڵایسانی شەڕەنێوخۆییەکانی وڵاتانی عیراق، سووریە و لوبنان دەگێڕێت.

ئامریکا و یەکیەتی ئورووپا، فەرماندەکان و هێزە یەکەکانی دەرەوەی سنووری سپا بە هۆی پشتیوانی کردنیان لە گرووپە تیرۆریستیەکانیان خستووەتە ناو لیستی گەمارۆکانی خۆیانەوە.