۱۳۹۵/۰۳/۲۹


ماڵپەڕی "جەهان نیووز" بە هۆی بڵاوكردنەوەی نهێنییە ئەمنیەتییەكانی ڕێژیم داخرا


ماڵپەڕی


كوردستان میدیا: لیژنەی چاوەدێری بە سەر چاپەمەنییەكانی ڕێژیمی ئێران، ماڵپەڕی بناژۆخوازی "جەهان نیووز"ی داخست.
بە گوێرەی هەواڵی دویچە وێللە، بڵاوكردنەوەی دوو هەواڵی پێوەندیدار بە بواری ئەمنیەتی لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، وەكوو هۆكاری داخستنی "جەهان نیووز" ڕاگەیەندراوە. ئەو ماڵپەڕە لە ڕێكەوتی ١6ی جۆزەردان (٥ی ژووئەن)دا هەواڵێكی لە ژێر سەردێڕی "نامەی نهێنیی مووگرینی بۆ زەریف" بڵاو كردبووەوە و دوو ڕۆژ دواتریش واتە ١٨ی جۆزەردان (٧ی ژووئەن) لە هەواڵێكدا باسی لە "سەردانی ڕێبەری تاڵیبان بۆ ئێران، پێش لە كوژرانی ناوبراو" كردبوو.


لە هەواڵی پێوەندیدار بە "نامەی نهێنیی مووگرینی بۆ زەریف"دا هاتبوو كە فدریكا مووگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئورووپا لە نامەیەكدا بۆ موحەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم نووسیویە كە لایەنی ١+٥ هەموو بەڵێنییەكانی خۆی بە پێی ڕێككەوتنی بەرجام جێبەجێ كردووە و چارەسەری كێشەكانی پێوەندیدار بە بواری ماڵی و بانكی لە ڕیزی بەڵێنییەكانی ئەوان لە بەرجامدا نەبووە.

"جەهان نیووز" هەروەها سەبارەت بە سەردانی مەلا ئەختر مەنسوور بۆ ئێرانیش نووسیبووی كە ڕێبەری پێشووی تاڵیبانی ئەفغانستان ماوەیەك لە ئێران بووە و نزیك بە حەوتوویەك پێش ئەوەی لە پاكستان بكوژرێت، ئێرانی بە جێ هێشتووە.

بە گوێرەی ئەو هەواڵەی جەهان نیووز، مەلا مەنسوور لە ماوەی دوو مانگدا كە لە ئێران بووە، چەندین جار دانوستانی لەگەڵ دامودەزگا جۆراوجۆرەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیدا هەبووە و چەندین ڕێككەوتنیش لە نێوان ناوبراو و ڕێژیمی ئێراندا واژۆ كراوە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی مانەوەی درێژماوەی مەلا مەنسوور لە ئێران و وتووێژەكانی لەگەڵ كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی، لە حاڵێكدا بوو كە وەزارەتی كاروباری دەرەوەی ڕێژیم نكۆڵیی لە سەردانی ناوبراو بۆ ئێران كردبوو.