۱۳۹۵/۰۳/۱۸


قەرزی ١٠میلیۆنیش بوو بە هیچ


قەرزی ١٠میلیۆنیش بوو بە هیچ

کوردستان میدیا: پاش چەند مانگ چاوەڕوانی، بانکەکانی ڕێژیم ڕایانگەیاند کە توانای جێبەجێ کردن و دابین کردنی باڵێنی قەرزی ١٠ میلیۆن تمەن بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان نیە.
لە سەرەتای ئەمساڵدا دەزگا تەبلیغی و پڕوپاگەندەییەکانی کۆماری ئیسلامی، باسیان لە گۆڕینی ڕێژەی وامی هاوسەرگیری لە ٣ میلیۆن تمەنەوە بۆ ١٠ میلیۆن تمەن کرد؛ پاش تێپەڕینی زیاتر لە ٢ مانگ بە سەر بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بانکەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە هیچ سەرچاوەیەکی ماڵییان بۆ دابین کردنی ئەم وامە لە بەردەستدا نیە.


ئەم بانکانە ڕایانگەیاندووە کە؛ تەنانەت بۆ دابین کردنی وامی ٣ میلیۆن تمەنیش کێشەیان هەیە.

جێگری پێشووی وەزارەتی وەرزش و لاوانی ڕێژیم، باقر پیشنەمازی، لەمبارەوە دەڵێ: پێشتر بۆ چارەسەر کردنی کێشەی سەنعەتی "خودروسازی" بڕی ٢٥ میلیۆن تمەن وامیان داوە و هیچ کێشەیەکیش نەهاتۆتە پێش، بەڵام ئێستا چۆنە کە بۆ دانی ١٠ میلیۆن تمەن وام بە لاوان پارە نەماوە؟ کەواتە ئەمە ڕاست نییە.

لەمبارەوە ئیرەج عەبدی ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم دەڵێ: بانکەکان حەزیان لێیە سەرچاوە ١٠٠ هەزار میلیارد تمەنییەکان بۆ وەدەستهێنانی داهات سەرف بکەن، هەر بۆیە ئامادە نین وامی ١٠ میلیۆن تمەنی بە لاوان بدەن و بیانووی وەک نەبوونی سەرچاوەی ماڵی دەهێننەوە.

پێشتریش گەڵاڵەگەلی لەم چەشنە لە مەجلیسدا پەسند کرا، بەڵام هیچکات نەچوونە بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆ وێنە یاسای زیادکردنی پشودانی کاتی منداڵ بوون، کە لە ٦ مانگەوە کرا بە ٩ مانگ، بەڵام ئەم یاسایە تەنیا لە سەر کاغەزدا مایەوە و هیچکات جێبەجی نەکرا.