۱۳۹۵/۰۳/۱۸


ئەمریكا لە دەریای ناوەڕاستەوە هێرشی كردە سەر داعش لە سووریە


ئەمریكا لە دەریای ناوەڕاستەوە هێرشی كردە سەر داعش لە سووریە

كوردستان میدیا: سەرچاوەیەكی سەربازیی ئەمریكا لە هێزی دەریایی ئەو وڵاتە ڕۆژی یەكشەممە ٥ی ژووئەن ڕایگەیاند فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەرتەشی ئەمریكا ڕۆژی شەممە بۆ دووەمین جار لە دەریای ناوەڕاستەوە لە سەر كەشتیی فڕۆكەهەڵگری "هەری ترۆمەن" هەڵفڕیون و زنجیرەیەك هێرشیان بۆ سەر مۆڵگەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی یان داعش لە سووریە بەڕێوە بردووە.
بە گوێرەی هەواڵی ڕۆیتێرز، ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند ئەوە یەكەمین هێرشی ئاسمانیی ئەمریكا لە دەریای ناوەڕاستەوە لە ماوەی زیاتر لە یەك دەیەی ڕابردوودایە. لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی و دەستپێكی هێرش بۆ سەر ڕێژیمی سەدام حسەین سەركۆماری پێشووتری عێراق بەم لاوە، هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا، لە دەریای ناوەڕاست بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی كەڵكیان وەرنەگرتبوو.


ئەو سەرچاوە سەربازییەی ئەمریكا بەڵام جەختی كردۆتەوە كە فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەمریكا كە لە سەر كەشتیی فڕۆكەهەڵگری هەری ترۆمەن هەڵفڕیون، تا ئێستا هیچ هێرشێكیان بۆ سەر هێزەكانی داعش لە عێراق ئەنجام نەداوە.

كەشتیی فڕۆكەهەڵگری هەری ترۆمەن و كەشتییە شەڕكەرەكانی دیكەی ئەمریكا، ڕۆڵێكی سەرەكی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكاندا دژ بە داعش دەگێڕن و لەگەڵ هاوپەیمانانی دیكەی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیدا وەك كەشتیی "شارل دۆگۆل"ی فەرانسە لە هاوكارییەكی نزیكدان.

پێشتر زۆربەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی، لە ڕێگەی بنكە زەوینییەكانی ئەمریكا لە بەحرەین، توركیە و وڵاتانی دیكەوە یان لەو كەشتییە فڕۆكەهەڵگرانەوە دەكرایە سەر داعش كە لە ئاوەكانی وڵاتانی عەرەبیی كەنداودا جێگیر كراون.