۱۳۹۵/۰۳/۲۰


چەواشەکارییە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامن


چەواشەکارییە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامن

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ قسە دڵخۆشکەرەکانی وتەبێژی دەوڵەت لەمەڕ زیادبوونی ڕێژەی سەرمایەدانانە دەرەکییەکان، وەزیری سەنعەت باس لە مایەپووچ بوونی ئابووریی ئێران دەکات.
هەواڵدەریی حکوومەتیی "تسنیم" لە زاری محەممەد ڕەزا نێعمەت زادە، وەزیری سەنعەت و کانزای کۆماری ئیسلامییەوە بڵاوی کردەوە کە نەبوونی سەرمایەدانەری دەرەکی، کەرتی سەنعەتی ئێرانی تووشی قەیران کردووە، بەڵام لە بەرانبەردا محەممەد باقر نەوبەخت لە دانیشتنێکدا لەگەڵ هەواڵنێران گوتوویەتی کە ئاستی سەرمایەدانانە بیانییەکان لە ئێران زۆر زیادیان کردووە و چەندین میلیارد دۆلار قازانج بە ئابووریی وڵات گەیشتووە.


هەر لەم‌بارەشەوە سەرۆکی ماڵیی سەنعەت و کانزای پارێزگای تاران، محەممەدڕەزا مۆرتەزەوی، وتوویەتی سەرمایەدانان لە ئێران بەهۆی بوونی گەندەڵیی بەلێشاوی ئیداری و ئابووری، مەترسییەکی گەلێک زۆری لەسەرە، بۆیە ئەمڕۆکە دەبینین کە ناوەند و بانک و کۆمپانیا شوێندانەرە جیهانییەکان ئامادە نین لە ئێراندا سەرمایەکانیان بخەنە گەڕ؛ پرسێک کە ماویەک پێش ئێستا ئامریکا لە وەڵامی جەواد زەریف‌دا ڕایگەیاندبوو.

سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ئێران، وەزیری سەنعەت لە لێدوانەکەیدا بۆ "تسنیم"، کۆمەڵێک ئاماری سەرنجڕاکێش دەخاتە پێش چاو و دەڵێ: ئێران لە نێوان ١٨٩ وڵاتی جیهان لە باری فەزای کار و کاسبی، پلەی ١١٨ی هەیە و لەباری گەشەی ئابووریشەوە لە نێوان ١٢٨ وڵاتدا پلەی ١٠٦ی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە؛ سەبارەت بە پێوەری ئازادیی ئابوورییش، ناوبراو دەڵێ: ئێران لە نێوان ١٨٦ وڵاتدا پلەی ١٧١ ی هەیە و بە یەکێک لە داخراوترین ئابوورییەکانی جیهان دەژمێردرێ.

عەلی تەیێب نیا ماوەیەک پێش ئێستاش لە کۆڕی سیاسەتی ئەرزی و دراودا ڕایگەیاندبوو؛ چەند نیگەرانیی گەورە لە ڕێگەی وەدیهێنانی ئامانجە ئابوورییەکانمان بوونی هەیە، کە گرینگترینیان بریتین لە بوونی کێشە و ناکۆکیی قوڵی سیاسی و باندی، نەبوونی متمانە، کێشەی دارایی، قەرزە زۆرەکانی دەوڵەت و قەتیس مانەوەی سەرمایە و داراییەکانی وڵات.

ناوبراو لە شیکردنەوەی نیگەرانیی یەکەمی‌دا گووتبووی: کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان باند و لایەنە سیاسییەکان وای کردووە کە پرسگەلی ئابووریی وڵات بکەونە پەراوێزەوە و خۆماندووکردنیش بە پڕۆژە کەڵانە ئابوورییەکان، بێ‌ئەنجامن.