۱۳۹۵/۰۳/۲۰


پێشنیاری ئێران بۆ پێکهاتنی "سپای پاسداران" لە عێراقدا


پێشنیاری ئێران بۆ پێکهاتنی

کوردستان میدیا: "مۆحسێن ڕەفیق دووست" فەرماندەی پێشووی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، پێشنیاری داوە تا بە هاوکاریی ڕێژیمی ئێران، لە عێراقدا سپایەک بە ناوی "سپای پاسدارانی عێراق" پێک بێت.
بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، "مۆحسێن ڕەفیق دووست" لە وتووێژێک لەگەڵ "باشگای هەواڵنێری" (کە پەیوەندی بە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە) ڕایگەیاندووە کە؛ "ئەگەر سپای پاسداران لە عێراق پێک‌بێت، ئێمە ئامادەین بە هەموو هێز و هەستەوە لە پێکهاتنی ئەم سپایە لە خاکی عێراقدا هاوکاری بکەین".


هەروەها ناوبراو ڕایگەیاندووە کە؛ "ئەگەر عێراق بیهەوێت سپای پاسداران پێکبێنێت، ئێران ئامادەیە ئەزموون و تاقیکارییەکانی خۆی بۆ پێکهاتنی ئەم سپایە بۆ خاکی عێراق بگوازێتەوە و خولی فێرکاری بۆ هێزی کەم ئەزموونی سپای عێراق دابنێت"

ئەم فەرماندەیە لە دڕێژەدا ڕایگەیاندووە کە؛ "سپای پاسدارانی ئێران، باشقەیەکی زۆر باش و کارا و سەرکەوتووە بۆ گۆڕەپانەکانی نێونەتەوەیی و دەتوانێت نموونەیەکی زۆر باش بۆ وڵاتانی ناوچەکە بێت."

جێی باسە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هێزێکی نیزامیە کە لە چالاکییە سیاسییەکان و تەنانەت ئابوورییەکانی ڕێژیمی ئێران، کاریگەرییەکی زۆری هەیە و هەروەها هێزی "حەشدی شەعبی" لە عێراقیش بە دەستی ڕێژیمی ئێران دامەزراوە.