۱۳۹۵/۰۴/۰۱


دیپلۆماتە ئامریکاییەکان لە دەس ئۆباما وەزاڵە هاتوون


دیپلۆماتە ئامریکاییەکان لە دەس ئۆباما وەزاڵە هاتوون

کوردستان میدیا: نیزیک بە ٥٠ دیپلۆمات و کارگێڕی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە نامەیەکدا ڕەخنەی تووندیان لە ئۆباما و سیاسەتداڕێژییەکانی گرتووە.
ڕادیۆ فەڕانسە لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، نیزیک بە ٥٠ کەس لە دیپلۆمات و کارگێڕەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە نامەیەکدا پێداگرییان کردووە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەخلاق و پاش تێپەڕینی ٥ ساڵ شەڕی خوێناوی، پێویستە کە کۆتایی بە شەڕ و کوشتار و ئازارەکانی خەڵکی سووریە بهێنرێت.


٢ ڕۆژنامەی ئامریکایی "واشنگتۆن پۆست" و "نیۆیۆرک تایمز"، لەمبارەوە ئاشکرایان کردووە کە نووسەرانی ئەم نامە ڕەخنەی توندیان لە بارودۆخی هەنووکەیی سووریە گرتووە و ڕایانگەیاندووە؛ درێژەکێشانی ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی ڕوودانی قەیرانی زیاتری مرۆیی، دیپلۆماتیک و تێرۆریستی و پێویستە لە سەر دەوڵەتی ئامریکا بە هێرشی هەوایی یان کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە سووریە کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت.

سەرەڕای ئەوەیکە جان کێری وەزیری دەرەوەی ئیدارەی ئۆباما ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ڕێگەچارە دیپلۆماتیکەکان بە ئەنجام نەگەن، ئامریکا هێرشی هەوایی دەست پێ‌دەکات، بەڵام سیاسەتی ئۆباما لەسەر بنەمای دەستێوەردان نەکردنی سەربازی لە کاروباری سووریە، بووەتە ڕۆژەڤی پرسەکان لە ئامریکا و دیپلۆماتە ئامریکاییەکانی وەزاڵە هێناوە.

پێشتریش سێ سێناتۆری مەجلیسی سێنای ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ ئۆباما ڕەخنەیان لە درۆکردنەکانی ناوبراو بۆ خەڵکی ئامریکا لەپێوەندی لەگەڵ ڕێککەوتننامەی ناوکیی ناسراو بە بەرجام گرتبوو و ئیدارەی ئۆبامایان بە دەستکاری کردنی زانیارییەکان و درۆکردن تۆمەتبار کردبوو.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە زاری یەکێک لە سێناتۆرەکانی ئامریکاوە بڵاوی کردبۆوە کە پاش نەمانی ئۆباما لە کۆشکی سپی، کۆمەڵێک زانیاری نوێی بڵاونەکراوە لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوی گیرانی مەلەوانە ئامریکاییەکان لە ئاوەکانی کەنداو ئاشکرا دەبێت کە ڕیسواییەکی دیکەی ئۆبامای بەدواوە دەبێ.