۱۳۹۵/۰۴/۰۱


نەیارانی ئەسەد سێ شارۆچكەی گرینگیان لە باشووری حەلەب كۆنترۆڵ كردەوە


نەیارانی ئەسەد سێ شارۆچكەی گرینگیان لە باشووری حەلەب كۆنترۆڵ كردەوە

كوردستان میدیا: لە دەرێژی شەڕ و تێكهەڵچوونیان لەگەڵ ئەرتەشی ڕیژیمی سووریە و بەكرێگیراوانی ڕێژیمی ئێراندا، نەیارانی ڕێژیمی ئەسەد كۆنترۆلێ سێ شاروچكەی گرینگیان لە باشووری حەلەب بە دەستەوە گرت.
چەند كاتژمێرێك پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی گرتنەوەی شارۆچكەكانی "زیتان، خەلسە و برنان" لە لایەن هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنەوە، "سێرگی شویگۆ" وەزیری بەرگریی ڕووسیە بە مەبەستی چاوپێكەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەردانی دیمەشقی كرد.


بە گوێرەی هەواڵی ڕێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، بەرەوپێشچوونی هێزەكانی ئۆپۆزیسیون لە باشووری حەلەب، ئەرتەشی بەشار ئەسەد و گرووپە میلیشیاییەكانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی، پاش زەرەر و زیانی زۆر، ناچار بە پاشەكشەیەكی بەرچاو كردووە.

ڕۆژی ڕابردوو، هێندێك لە ماڵپەڕەكانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیش ڕایانگەیاندبوو ئەو شارۆچكانە كە لە باشووری "خان توومان" هەڵكەوتوون، لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە دەستیان بە سەردا گیراوە. 

بە گوێرەی هەواڵی "هەواڵدەریی دانشجوو" بە كۆنترۆڵكرانی ئەو ناوچانە لە لایەن هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنەوە، ڕێژیمی ئەسەد لەگەڵ مەترسیی لەدەستچوونی گرینگترین ناوچە لە ڕیفی باشووری حەلەبیش بەرەوڕوو دەبێت. 

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند، ئەو سێ شارۆچكەیە بەو پێیەی كە لە نزیك شاڕێگەی سەرەكیی حەلەب بۆ دیمەشق هەڵكەوتوون، بە ناوچەیەكی ئیستراتژیك دەژمێردرێن. 

ئەوە لە كاتێكدایە كە هێزەكانی ڕێژیمی سووریە بە یارمەتیی بەكرێگیراوانی ڕێژیمی تیرۆریستیی ئێران و هێرشی ئاسمانیی ڕووسیە، كۆتاییەكانی ساڵی زایینیی ڕابردوو توانیبوویان لەو دەڤەرانەدا تاڕادەیەكی زۆر بەرەوپێشەوە بچن.

شارۆچكەی خان توومان، دوابەدوای هێرشێكی بەربڵاو كە بوو بە هۆی كوژران و برینداربوونی دەیان كەس لە بەكرێگیراوانی سپای تیرۆریستیی پاسداران، مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لایەن هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنەوە كۆنترۆڵ كرابوو.