۱۳۹۵/۰۳/۱۳


لە ساڵوەگەڕی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادی‌دا ڕووحانی سەردانی مەهابادی کرد


لە ساڵوەگەڕی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادی‌دا ڕووحانی سەردانی مەهابادی کرد

کوردستان میدیا: ٣٣ ساڵ پێش و لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی‌دا، ڕێژیمی سەرەڕۆی خومەینی ٥٩ لاوی مەهابادی دەستبەسەر کرد و لە تۆڵەی شکستەکانی لە شەر بەرانبەر بە پێشمەرگەدا، بە کۆمەڵکوژ کردنیان ویستی ئاگری ڕق و کینەکانی دامرکێنێ.
ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە لووتکەی بەرنگاریی خەڵکی کورد لە بەرانبەر هێرشەکانی سوپای خومەینی بۆ سەر کوردستان، بەرپرسان و پیاوکوژەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە شەڕ دژ بە پێشمەرگەی کوردستاندا لە کورتییان دابوو و شکستی یەک لە دوای یەکیان دەخوارد، لە نێو شارەکانی کوردستاندا دەستیان بە سەرکوت و هەڕەشە و گوڕەشە کرد، تاکوو چۆک بە ئیرادەی خەباتکارانە و مافویستانەی کوردستان دابدەن.


لە کردەوەیەکی دزێو و مرۆڤکوژانەی بەرپرسانی ڕێژیم‌دا، جەلاییپوور فەرمانداری ئەوکاتی مەهاباد و بەرپرسانی سوپای پاسداران و ئیتلاعات کە ئێستاش هەندێکیان هەر لە مەهاباد و کوردستان دەسەڵاتدارن و هەندێکیان دەمامکی چاکسازیخوازییان هەڵگرتووە، فەرمانی کوشتاری بەکۆمەڵی لاوانی مەهابادیان دا و لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی‌دا، ٥٩ لاوی ئەو شارەیان ئێعدام کرد.

جێگای ئاماژەیە کە لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی ئەو ئێعدامە بەکۆمەڵەدا، ڕووحانیی سەرۆک کۆماری ڕێژیم کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەرپرسی دەزگا ئەمنیەتی و سەرکوتکارانەکانی ڕێژیم بووە و ئێستا لە ژێر ناوی ئێعتداڵدا خەریکی چەواشەکارییە، سەردانی مەهابادی کرد و برینی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادی بۆ جارێکی دیکە کولاندەوە.

لەم سەفەردا لە کاتێکدا ڕووحانی دروشمی دژایەتیی تیرۆر و شەڕی دەدا کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەدا بە گەورەترین ڕێژیمی پالپشتی تیرۆر و گەورەترین سەرچاوەی تیرۆریزم دەناسرێ.