۱۳۹۵/۰۳/۱۳


سوپای توركیا پێگەكانی داعشی لە باكووری حەلەب تۆپباران كرد


سوپای توركیا پێگەكانی داعشی لە باكووری حەلەب تۆپباران كرد

كوردستان میدیا: لە وەڵامی بۆردمانی داعشدا بۆ سەر شاری كیلیس لە كوردستانی باكوور، سوپای توركیا بەچڕی شارۆچكەكانی "ئەلباب" و "ئەعزاز"ی لە باكووری حەلەب تۆپباران و بۆردمان كرد.
بە گوێرەی هەواڵی ڕووداو، سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای توركیا ڕایگەیاند، یەكە تۆپهاوێژەكانی سوپای ئەو وڵاتە شارۆچكەی "ئەلباب"یان لە باكووری حەلەب بە چڕی تۆپباران كردووە و هەروەها ٨ فڕۆكەی شەڕكەری F16 بۆردمانێكی چڕی ناوچەی ئەعزازیان كردووە كە لە ئەنجامدا زیانێكی زۆریان بە پێگە نهێنییەكانی داعش گەیاندووە و‌ ژمارەیەك لە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامییان كوشتووە".


رۆژی ١٨ی مارسی ٢٠١٦ داعش بۆ یەكەمجار شاری كیلیس-ی لە كوردستانی باكوور كردە ئامانج. لەو كاتەوە تا ئیستا، هێزەكانی داعش ٥٧ جار بە شێوەیەكی بەردەوام ئەو شارەیان بۆردمان كردووە. بەو هۆیەوە ٢١ هاوڵاتیی سیڤیل كوژراون كە لە نێویاندا ٧ كۆچبەری سووری هەن و ٨٤ كەسی دیكەش بریندار بوون.

دەوترێت بەهۆی ئەو بۆردمانانەوە، خەڵكی شاری كیلیس تووشی دڵەڕاوكێ بوونە، بە جۆرێك كە ڕێژەی ٣٠%ی دانیشتوانی كیلیس شارەكەیان چۆڵ كردووە ‌و بەرپرسانی كارگێڕیی شارەكەش بە ناچاری دەوامی فەرمیی قوتابخانە ‌و فەرمانگە حكومییەكانیان ڕاگرتووە ‌و مۆڵەتی كراوەیان بە فەرمانبەران داوە.