۱۳۹۵/۰۲/۱۴


خۆپیشاندەرانی عێراقی بە دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا


خۆپیشاندەرانی عێراقی بە دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا

كوردستان میدیا: خۆپیشاندەرانی عێراقیی لایەنگری موقتەدا سەدر كە ڕۆژی شەممە ١١ی بانەمەڕ ناوچەی سەوز و پارلەمانی ئەو وڵاتەیان داگیر كرد، بە گوتنەوەی دروشمی ناڕەزایەتی، بەرانبەر بە دەستێوەرانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا هەڵوێستیان گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبیە، دەیان هەزار خۆپیشاندەری ناڕازی بە گوتنەوەی دروشمی "ئێران! لە عێراق بڕۆ دەرەوە" دەستێوەردانی ئاشكرای ڕێژیمی ئێران و ئاكامی كاولكارانە و كارەساتباری ئەو دەستێوەردانەیان لە لە سەر بارودۆخی عێراق و حكوومەتی ئەو وڵاتە شەرمەزار كرد.


خۆپیشاندەران دژ بە تەڕاتێن و ئاژاوەگێڕییەكانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق و دەستێوەردانی ڕێژیمی تاران لە كاروباری نێوخۆیی وڵاتەكەیاندا دروشمیان دا.

لە لایەكی دیكەوە، ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەكشەممە ١٢ی بانەمەڕ ڕایگەیاند هاتوچۆی فڕۆكەكانی بۆ بەغدا، پایتەختی عێراق ڕادەگرێت.

بڕیاری ڕاگرتنی هاتوچۆی ئاسمانی لە تارانەوە بۆ بەغدا لە لایەن ئێرانەوە بە دوای ئەوەدا دێت كە خۆپیشاندەرانی عێراقی بەرانبەر بە دەستێوەردانی قاسم سلێمانی و ڕێژیمی ئێران لە كاروباری نێوخۆیی وڵاتەكەیاندا بە توندی هەڵوێستیان گرت و دروشمی ناڕەزایەتییان دژ بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەرز كردەوە.

لە لایەكی دیكەوە ڕاگەیاندنەكانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وێڕای ڕەخنەگرتن لە ڕەوتی سەدرییەكان، خۆپیشاندانەكانی بەردەم پارلەمانی عێراقیان بە زیانی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە قەڵەم دا.

شایانی باسە ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە حكوومەتی نووری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كە لە لیستی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا وەكوو یەكێك لە گەندەڵترین حكوومەتەكانی جیهان ناسراوە، پشتیوانیی كردووە و لە هەڵگیرساندنی ئاگری تایفەگەری لەو وڵاتەدا ڕۆڵی سەرەكیی هەبووە. لە سەردەمی دەسەڵاتی نووری مالكیدا شارە گەورەكانی عێراق وەك مووسڵ و تكریت و فەلووجە، بەهۆی خۆبەدەستەوەدانی سوپای عێراقەوە كەوتنە دەستی داعش. خەزانەی ماڵیی عێراق تاڵان كرا و گەندەڵییەكی ماڵی و ئیداریی بێ وێنە باڵی بە سەر ئەو وڵاتەدا كێشا.