۱۳۹۵/۰۲/۱۴


کۆماری ئیسلامی نیگەرانە لەوەی دابەشبوونی عێراق دزە بکاتە نێو ئێران


کۆماری ئیسلامی نیگەرانە لەوەی دابەشبوونی عێراق دزە بکاتە نێو ئێران

کوردستان میدیا: ویلایەتیی ڕاوێژکاری خامنەیی بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم، لە وتوێژێکدا نەیتوانی ترسی ڕێژیم لە ئەمنیەتە تێکچووە لەرزۆکەکەیان بشارێتەوە و ڕایگەیاند کە بۆ ئەمنیەتی خۆیان، پێویستیان بە گوشارهێنان بۆ بەیەکپارچە مانەوەی عێراقە.
دوای خۆپیشاندانەکانی بەغداد لە ڕۆژی شەممە ٣٠ ئاوریل، ١١ی بانەمەڕی ١٣٩٥، کە خۆپیشاندەران ڕژانە نێو ناوچەی سەوز و پارلەمانیان داگیر کرد، کۆماری ئیسلامی لەو ڕووداوانە نیگەرانیی دەربڕیوە و ترسی لێ نیشتوە کە کێشەی نێوان گرووپە شیعەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی تاران تا ڕادەیەک توند ببێتەوە کە بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران بە تەواوی بکەوێتە مەترسییەوە.


لەو پێوەندیەدا ویلایەتیی ڕاوێژکاری خامنەیی بۆ سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم، لە وتوێژ و چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، ڕایگەیاندوە کە؛ ئەو ڕووداوانەی بەغدا دەستی وڵاتانی دیکەی تێدایە!

لەو چاوپێکەوتنەدا ویلایەتی باسی لەوە کردوە کە بەیەکپارچەیی مانەوەی عێراق ئەرکی هەموو وڵاتانی ناوچەیە و دەبێ ڕێگە لە دابەشبوونی عێراق بگیرێ، چوونکە ئەمنیەتی هەموومان بە یەکپارچەیی عێراقەوە گرێ دراوە.

ویلایەتی لە کاتێکدا باس لە دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە لە ڕووداوەکانی بەغدا و داگیرکردنی پارلەمانی عێراق دەکات، کە لە دوای ڕووخانی سەددام و بەهێزبوونی گرووپە شیعەکان، گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی تاران بەردەوام بەهێزتر بوون و دەستیان بە سەر هەموو دەسەڵاتی بەغدادا گرتووە و هەوڵی یەکدەستکردنی زیاتری دەسەڵاتیان دەدا و مۆدێلی کۆماری ئیسلامیی ویلایەتی فەقیهییان لە بەغدا دروست دەکرد.

بە پێی لێدوان و وتەکانی ویلایەتی، ئەگەری دابەشبوونی عێراق لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی بانەمەڕ لە بەغدا زۆرتر بۆتەوە و ترسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دابەشبوونی عێراق، هەم لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و هەم لە دزەکردنی ئەو ڕووداوانە بۆ نێو ئێرانە و ئەو کاتە دروشمی بریقەداری زلهێزیی ڕێژیم لە ناوچە و وڵاتی ئەمن و ئاسایش وەدرۆ دەکەوێتەوە و ئەمنیەتی لەرزۆکی ڕێژیمی تاران وەمەترسی دەکەوێ.