۱۳۹۵/۰۲/۱۴


لە درێژەی قسە نەستەقەکانی ئەحمەدی‏نژاددا


لە درێژەی قسە نەستەقەکانی ئەحمەدی‏نژاددا

کوردستان میدیا: مەحموود ئەحمەدی‏نژاد کە ماوەیەکە ناوی کەوتۆتەوە سەر زاران و بانگەشەی دووبارە هاتنەوە بۆ نێو دەسەڵاتی بۆ دەکرێ، لە دواسەفەری خۆی بۆ شاری جیرۆفت، پێناسەیەکی نوێی لە چەمکی ئازادی کرد.
ڕۆژنامەی "شرق" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەم سەفەرەی ئەحمەدی‏نژاد کردووە و نووسیویەتی؛ بەپێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو ئەحمەدی‏نژاد لە سەفەرە ئۆستانییەکانی‏دا، سەردانی شارەکان دەکات نەک ناوەندی پارێزگاکان.


ناوبراو لە نێو خەڵکی جیرۆفتدا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ باسی لە زلهێزە جیهانییەکان کردووە و وتوویەتی ئەوان ئازادییان لە چنگی خۆیاندا زەوت کردووە و بە کەڵکاژۆ وەرگرتن لێی، سوکایەتی بە نەتەوەکانی دیکە دەکەن. ئازادی یانی ئەگەر تۆ دەست لەمن بەرز کەیتەوە منیش دەستت لێ بەرز بکەمەوە، ئەگەر لێت دام منیش لێت بدەمەوە، ئەگەر دەستت بە گیرفانی مندا کرد، منیش دەست بە گیرفانی تۆدا بکەم.

ئەم پێناسە نوێیە لە ئازادی کە تا ئێستا لە هیچ قاموسێکدا نەهاتووە هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی کەیهان کە باسی لە دەستبەسەرداگرتنی چەند پاپۆڕێکی بازرگانیی ئامریکا لە ئاوەکانی کەنداو کردووە و دەڵێ؛ ئەمە لە تۆڵەی زەوتکردنی ٢ میلیارد دۆلارەکەی ئێران لە لایەن ئامریکاوە بووە.

دیوانی بەرزی ئامریکا ڕێکەوتی ١ی بانەمەڕ، بڕی ٢ میلیارد دۆلاری لە داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران وەک "جەریمە" بۆ بنەماڵەی قوربانیانی کردەوە تێرۆریستییەکان هەڵگرتەوە کە شەڕە دندووکەی نێوان باندەکانی دەسەڵاتی قووڵتر کردەوە.