۱۳۹۵/۰۲/۲۲


هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەدژی تاران بەردەوامە


 هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەدژی تاران بەردەوامە

کوردستان میدیا: جێگری سەرۆکی پۆلیسی دوبەی، کۆماری ئیسلامیی بە حکوومەتی ئاخوندە شەڕئەنگێزەکان ناوزەد کرد.
سەرلەشکەر زاحی خەلەفان، جێگری سەرۆکی پۆلیسی دوبەی، وێڕای ڕەخنەگرتن لە شۆڕشی ساڵی ٥٧ی ئێران ڕایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی، حکوومەتی ئاخوندە شەڕئەنگێزەکانە.
ناوبراو ڕێکەوتی ٩ی مانگی مەی لە تویتێری شەخسیی خۆیدا نووسیویەتی؛ "ئاخوندەکان ئێرانیان بە یەکجاری خاپوور کردووە و هەموو پێوەندییە دۆستانەکانی ئەم وڵاتەیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی ناوچە لەنێو بردووە! ئەم حکوومەتە حکوومەتی ئاخوندە شەڕئەنگێزەکانە".

زاحی خەلەفان لە تویتێکی دیکەشدا، هێرش دەکاتە سەر خومەینی و دەڵێ؛ "قۆناغی دەسەڵاتی خومەینی خراپترین قۆناغی دەسەڵاتی فارسەکان بووە. خومەینی دەیگووت؛ دێت تاکوو هەژارەکان ڕزگار بکات، بەڵام ڕۆژانە ڕێژەی هەژارەکان لەم وڵاتە زیاتر دەبێت".

لە درێژەی ئەم تویتەدا جێگری سەرۆکی پۆلیسی دوبەی دەڵێ: "قۆناغی دەسەڵاتی خامنەیی قۆناغی دوژمنایەتییەکان بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبییە. ئاخوندەکان هەنوکە گەورەترین مافیای جیهانن".

ئەمە یەکەمجار نییە کە بەرپرسانی پایە بەرزی وڵاتانی عەرەبی ناوچە، بەم‌ شێوەیە باسی کۆماری ئیسلامی و ڕۆڵی تێکدەرانەی تاران لە وڵاتانی ناوچە دەکەن و پێشتریش بەرپرسانی عەرەبستان، یەمەن، عەمان و هەندێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچە، ڕەخنەی لەم چەشنەیان ئاراستەی بەرپرسانی تاران کردبوو.