۱۳۹۵/۰۲/۲۲


جێگیر کردنی هێز و مانۆڕدان بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک


جێگیر کردنی هێز و مانۆڕدان بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک

کوردستان میدیا: سپای پاسداران بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک مانۆڕ بە بەکرێگیراوەکانییەوە دەدات.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ناوچەکانی سەقز، بانە، سنە و مەریوان لە ڕێگەی مشەخۆر و بەکرێگیراوەکانییەوە هەوڵی ترساندنی خەڵک و بەهێزپیشاندانی خۆی دەدات.

ماوەی چەند ڕۆژێکە بەکرێگیراو و خۆفرۆشەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە ڕێگەی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دنە دراون تاکوو بە جلو بەرگی کوردی و بەستنی چەک و ڕەخت لە نێو گوندەکانی چەند شارێکی کوردستان بگەڕێن و خۆیان پیشانی خەڵک بدەن کە ئەمە بە ڕای چاودێرانی سیاسی زیاتر بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک و جۆرێک لە مانۆڕی سەربازییە کە خۆی سەرچاوە گرتوو لە ترسی ڕێژیمە.

ئەم هەوڵەی ڕێژیم پاش پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات دێتە ئاراوە کە تێیدا ئاماژەیان بە دەسپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێ لە خەبات و هەڵبژاردنی ژیانی سەربەرزانە و وەلانانی ژیان بە سەرشۆڕییەوە دەکات.

پێشتریش بەپێی هەندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراو هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم، لە ناوچە سنورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات جێگیر کرابوون و تەنانەت لە هەندێک ناوچەدا کۆنە پایەگاکانیش ئاوەدان کراونەتەوە.

لە حەوتووی ڕابردوودا، هێزێکی سپای پاسداران لە ناوچەی ڕەبەت کەوتنە بەر هێرشی چەند چەکدارێک و لە ئەنجامدا چەندین کەسیان لێ کوژران و بریندارێکی زۆریان لێ بەجێما.