۱۳۹۵/۰۲/۲۲


ڕاوێژكاری ئۆباما: ئەمریكا سەبارەت بە ڕێككەوتنی ناوكی چەواشەكاریی كردووە


ڕاوێژكاری ئۆباما: ئەمریكا سەبارەت بە ڕێككەوتنی ناوكی چەواشەكاریی كردووە

كوردستان میدیا: ڕاوێژكارێكی پایەبەرزی ئۆباما دەڵێ حكوومەتی ئەمریكا سەبارەت بە لایەنە جۆاروجۆرەكانی ڕێككەوتنی ناوكی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران چەواشەكاریی كردووە.
بن ڕوودێز، یەكێك لە ڕاوێژكارانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەیڤید سامۆئێلز، هەواڵنێری نیویۆرك تایمز گوتوویە ئەو هەواڵنێرانەی كە ڕووماڵی ڕێككەوتنی ناوكی لەگەڵ ئێرانیان دەكرد، لە كاروبارە جیهانییەكاندا ناشارەزان و ناڕاستەوخۆ وتی ئیدارەی ئۆباما بە كەڵك وەرگرتن لەو ناشارەزاییەی ئەوان، توانیویە گێڕانەوەی خۆی لەو ڕێككەوتنە بە سەر گێڕانەوەكانی دیكەدا زاڵ بكات.
پێشتریش كەسانێك وەك سناتۆری كۆماریخواز جان مەك كین گوتبوویان كۆشكی سپی ڕاستییەكانی دەستكاری كردووە و لە هێندێك حاڵەتدا زانیاریی دەستكردی بڵاو كردووەتەوە.

وتارەكەی نیۆیۆرك تایمز دەری دەخات كە بن ڕوودێز لە ڕووی فیكرییەوە نزیكایەتییەكی زۆری لەگەڵ ئۆباما هەیە و دەوترێت ئۆباما لە ڕەوتی دانوستانە ناوكییەكاندا لەگەڵ ئێران، تا ڕادەیەكی زۆر بۆچوونەكانی خۆی لە ڕاوێژكردنەكانی لەگەڵ ڕوودێز وەرگرتووە.

بن ڕوودێزی ٣٨ ساڵە لە وتارەكەی نیویۆرك تایمزدا ـ كە بە پشتبەستن بە وتووێژ لەگەڵ ڕوودێز ئامادە كراوەـ لەشكری هەواڵنێرانی واشینگتۆن بە بە كۆمەڵێك ساویلكە لە قەڵەم دەدات كە لە زانست و شارەزایی پێویست بۆ ڕووماڵكردنی پرسە گرینگەكانی سیاسەتی دەرەوە بێبەرین.

ناوبراو هەروەها وتی: "نێونجی تەمەنی ئەو هەواڵنێرانەی كە لەگەڵ كۆشكی سپی قسە دەكەن ٢٧ ساڵە و تاقە ئەزموونی هەواڵنێرییان بەشداریكردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندایە... ئەوان لە كردەوەدا هیچ نازانن".